بزووتنەوەی گۆڕان سبەینێ لە کەرکوک بناغەی قۆناغێکی نوێی سیاسی دادەڕێژێت

KNN : Kurdish News Network
04:56 - 15/02/2026
کوردستان
+
-

سبەینێ دوشەممە (16/2/2026) چاوەکان دەچنە سەر شاری کەرکوک، ئەو شارەی هەمیشە وەک سیمبولی ئیرادە و پێکەوەژیان ماوەتەوە، لێرەوە و لە دڵی ئەم شارە نیشتمانییەوە، بزووتنەوەی گۆڕان وێستگەیەکی نوێی خەباتی سیاسی دەستپێدەکات.


بە بڕیاری فەرمانگەی کاروباری پارتە سیاسییەکانی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕان سبەینێ دوشەممە کۆنفرانسی گشتی خۆی گرێدەدات. ئەم هەنگاوە تەنها ڕێکارێکی یاسایی نییە، بەڵکو وەک بزووتنەوەکە ڕایگەیاندووە: "دەرفەتێکی مێژووییە بۆ نوێبوونەوە". لە کاتێکدا کە ناوچەکە و گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم گەردەلوولێکی سیاسیی گەورەدان، گۆڕان دەخوازێت لە کەرکوکەوە پەیامی یەکڕیزی و خۆڕێکخستنەوە ئاراستەی هەموو لایەک بکات.


بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە ئامادەکارییە لۆجستی و یاساییەکانی تەواو کردووە، ئامانجی سەرەکی، گەڕانەوەی بزووتنەوەکەیە بۆ سەر سکە ڕاستەقینەکەی خۆی؛ وەک هێزێکی کاریگەر کە داکۆکیکار بێت لە دیموکراسی و دادپەروەری.


بزووتنەوەکە داوا لە هەموو ئەندامانی دەستەی گشتی دەکات بە ڕۆحێکی نیشتمانی و هەست بە بەرپرسیارێتییەوە سبەینێ دوشەممە ئامادەبن، تا پێکەوە کۆتایی بە کێشە یاسایی و ڕێکخراوەییەکان بهێنن.


سبەینێ کەرکوک نابێتە تەنها شوێنی بەستنی کۆنفرانس، بەڵکو دەبێتە شوێنی داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوچەرخ کە لەگەڵ خواست و ویستی هاونیشتمانیاندا یەکانگیر بێت. گۆڕانخوازان بەیانی بەو ئومێدەوە کۆدەبنەوە کە متمانە بۆ کایەی سیاسی بگەڕێننەوە و لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی خەباتی مەدەنی گەلەکەمان بنووسنەوە.

198 جار خوێندراوەتەوە