وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگادارییەکی نوێی ئاراستەی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە کرد کە تا ئێستا مامەڵەکانی تایبەت بە پرۆژەی "هەژماری من"یان تەواو نەکردووە یان کارتەکانیان وەرنەگرتۆتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست سایتی (KNNC) کەوتووە، وەزارەتی دارایی جەخت لە دوو خاڵی سەرەکی دەکاتەوە:
یەکەم: ئەو فەرمانبەرانەی تا ئێستا ناوی خۆیان لە پرۆژەی "هەژماری من" تۆمار نەکردووە، پێویستە لە زووترین کاتدا سەردانی بنکەکانی تۆمارکردن بکەن بۆ ئەوەی لە پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی مووچە سوودمەند بن.
دووەم: ئەو فەرمانبەرانەی کە پێشتر ناوی خۆیان تۆمار کردووە و کارتە بانکییەکانیان ئامادەیە، بەڵام سەرەڕای ئاگادارکردنەوەیان تا ئێستا سەردانیان نەکردووە بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، پێویستە بەپەلە کارتەکانیان وەربگرنەوە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە لە پێناو ڕێکخستنی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە و دڵنیابوونەوەیە لەوەی هیچ فەرمانبەرێک لە وەرگرتنی شایستە داراییەکانی دوانەکەوێت.
431 جار خوێندراوەتەوە