واشنتن هەنگاوە سەربازییەکانی لە ناوچەکە چڕتر دەکاتەوە؛ بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، ئەمریکا بڕیاریداوە دوەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، ئەمەش دوای تەنها چەند کاتژمێرێک لە هۆشدارییەکانی دۆناڵد تڕهمپ بۆ ئێران.
ڕەوانەکردنی "جێراڵد فۆرد"
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، بڕیاردراوە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد" و چەند کەشتییەکی جەنگیی یاوەر، بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێبکەون. بەپێی زانیارییەکان، ستافی کەشتییەکە ئاگادارکراونەتەوە کە ئامادەبن بۆ جێگیربوونیان لە ناوچەکە لە ماوەیەکی نزیکدا.
دو هێزی دەریایی لە یەک ناوچەدا
بەم هەنگاوە، "جێراڵد فۆرد" دەچێتە پاڵ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" کە ئێستا لە ناوچەی کەنداودایە. ئەمە بە واتای زیادکردنی بەرچاوی هێزی دەریایی ئەمریکا و نیشاندانی ئامادەیی تەواوی واشنتن دێت بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازی لە ناوچەکەدا.
هۆشدارییەکانی تڕهمپ بۆ ئێران
ئەم جوڵە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ پۆستێکی دۆناڵد تڕهمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ"، کە تێیدا ڕاپۆرتێکی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی لەبارەی ئامادەکارییەکانی پێنتاگۆن بۆ ناردنی کەشتیی دوەم بڵاوکردەوە.
تڕهمپ پێشتر ڕایگەیاندبو کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران لە ماوەی یەک مانگدا "مومکینە"، بەڵام هۆشداریی توندی دایە تاران و وتی: "دەبێت ڕێککەوتن بکرێت، ئەگەر نا دۆخەکە زۆر بەئازار دەبێت."
کۆبونەوە لەگەڵ نەتانیاهۆ
لە لایەکی دیکەوە، تڕهمپ ئاماژەی بە کۆبونەوەی خۆی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و وتی کە نەتانیاهۆ لە دۆخەکە تێدەگات. تڕهمپ جەختی کردەوە کە "بڕیاری کۆتایی لای منە"، و ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لەگەڵ ئێران نەکرێت، ئەوا ماوەی داهاتو زۆر سەخت دەبێت.
139 جار خوێندراوەتەوە