فەرهاد شامی دەڵێت شەڕڤانان دەچنەوە پێگەکانی پێش شەڕ و ئاساییش شوێنیان دەگرێتەوە، ئاماژەی بەوەشدەدات دیمەشق سستە لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕیککەوتن و ئەگەر وا بڕوات هەموو خاڵەکان جێبەجێناکرێن.
هەواڵ:KNNC
فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند: دوای ڕێککەوتنی 29ی مانگی پێشوو، چەند هەنگاوێک نراون و چەند بابەتێکیش هەیە لە ڕیککەوتنەکە پێویستە پەلەی تێدابکرێت و بەپێچەوانەوە دیمەشق خەمساردە تێیاندا.
فەرهاد شامی وتی، لە ئێستادا کشانەوە لە هێڵەکانی باشوور و ڕۆژئاوای حەسەکە، ڕێگای ئەبیەز، شەدادی و کەمپی هۆڵ دەستی پێکردوە، یەپەگە و یەپەژە بەرەو خاڵە سەربازییەکانی خۆیان لە دەرەوەی شارەکان و ئەو پێگە سەرەکییانە دەگەڕینەوە کە لە پێش شەڕدا تیا بوون، لە بەرامبەردا هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان شوێنەکانیان دەگرنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە دەوروبەری کۆبانێ (سڕین و چەلەبی) هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
ئەم پرۆسەیە لە چەند قۆناغێک
پێکهاتووە، لەوانە لایەنی سەربازی، ئەمنی، سیاسی و کارگێڕی.
شامی ئاماژەی بەوە کرد
کە یەکێک لە خاڵە گرنگەکان ئاڵوگۆڕی دیلەکانە، بەڵام حکومەتی سووریا تا ئێستا هەنگاوی
کردەیی لەم بارەیەوە نەناوە.
لەبارەی پرسی
پارێزگاری حەسەکەشەوە وتەبێژی هەسەدە وتی، بەپێی ڕێککەوتنەکە پێویست بوو پارێزگارێک
بۆ حەسەکە دیاری بکرێت، هەرچەندە نورەدین عیسا دیاری کراوە و سەردانی دیمەشقیشی کردووە،
بەڵام هێشتا فەرمانی فەرمی بۆ دەستبەکاربوونی دەرنەچووە.
فەرهاد شامی جەختی لەوەکردەوە کە ڕێککەوتن پاکێجێکە و ئەم دواخستنانە لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە دەبێتە هۆی بێمتمانەیی و ساردبوونەوە
لە جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە....
490 جار خوێندراوەتەوە