ڕۆژی (16ی شوباتی 2026) کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری کەرکوک بەڕێوەدەچێت

KNN : Kurdish News Network
01:53 - 02/02/2026
کوردستان
+
-

فەرمانگەی کاروباری پارتە سیاسییەکان، بە پشتبەستن بە بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕۆژی ١٦ی شوباتی ٢٠٢٦ی وەک وادەی بەستنی کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری کەرکوک دیاریکرد؛ بزووتنەوەکەش ڕایدەگەیەنێت کە ئەم کۆنفرانسە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ نوێبوونەوە و داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نیشتمانی هاوچەرخ و داوا لە هەمو ئەندامانی دەستەی گشتی دەکات، کە مافی یاسایی بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسەکەدا هەیە، بە ڕۆحێکی نیشتمانی و هەست بە بەرپرسیارێتییەوە ئامادەبن و بەشدارییەکی کارا بکەن لە داڕشتنەوەی داهاتوی بزوتنەوەکە.


بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڵبژاردنی کەرکوک بۆ بەستنی کۆنفرانسەکە، هەڵگری پەیامێکی نەتەوەیی و یەکگرتووییە و وەک سیمبولی پێکەوەژیان دەبینرێت. بزووتنەوەکە جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکییان لەم هەنگاوە، کۆتاییهێنانە بە کێشە یاسایی و ڕێکخراوەییەکان و گەڕانەوەی بزووتنەوەکەیە بۆ سەر سکە ڕاستەقینەکەی خۆی وەک هێزێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، بەتایبەت لەم بارودۆخە هەستیارەی ناوچەکە و پشتیوانی لە خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.


دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
هاونیشتمانیانی خۆشەویست..هەڵسوڕاو و پشتیوانانی بزوتنەوەی گۆڕان..ئەندامانی دەستەی گشتی کۆنفرانس..

لە کاتێکی هەستیار و چارەنوسسازدا، کە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوبەڕووی بووەتەوە و هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی خرۆشاوە، فەرمانگەی کاروباری پارتە سیاسییەکان، پشت بەست بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕۆژی دوشەممە (١٦ی شوباتی ٢٠٢٦)ی وەک وادەی بەستنی کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری کەرکوک دیاریکردوە.

ئێمە لەکاتێکدا پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین، بە دەرفەتێکی دەزانین بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە یاسایی و ڕێکخراوەییەکان و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە خەباتی سیاسی و مەدەنی لەلایەک و، داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوچەرخ کە لەگەڵ خواست و ویستی هاونیشتمانیاندا یەکانگیر بێت.


هەڵبژاردنی شاری کەرکوک، وەک شوێنگە و ڕەمزێکی نەتەوەیی؛ ڕەهەندێکی نەتەوەیی و یەکگرتویی قوڵی هەیە. کەرکوک هەمیشە سیمبولی پێکەوەژیان و ئیرادەی کوردستانی بوە، لەوێوە، پەیامی یەکگرتویی و کاری هاوبەشمان بۆ ناوخۆمان و لەناوخۆشمانەوە ئاڕاستەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و گەلی کوردستان دەکەین.


لێرەوە، بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاڕاستەی سەرجەم گۆڕانخوازان، دڵسۆزان و ئەو کەسانە دەکەین، کە باوەڕیان بە گۆڕانکاری و چاکسازی ڕیشەیی هەیە، بۆ ئەوەی پشتیوانمان بن لەم هەوڵەدا. ئێستا کاتی ئەوەیە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێین و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەماندا، یەکگرتوانە کار بکەین.


لەم سۆنگەیەوە، داوا لە هەمو ئەندامانی دەستەی گشتی دەکەین، کە مافی یاسایی بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسەکەدا هەیە، بە ڕۆحێکی نیشتمانی و هەست بە بەرپرسیارێتییەوە ئامادەبن و بەشدارییەکی کارا بکەن لە داڕشتنەوەی داهاتوی بزوتنەوەکەمان.


ئامانجمان ئەوەیە پێکەوە، بزوتنەوەکەمان بخەینەوە سەر سکەی ڕاستەقینەی خۆی و بیکەینەوە بە هێزێکی کاریگەر و ئەرکدار لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، لەو پێناوەدا دەستی هاوکاری و کاری پێکەوەیی بۆ هەموان، لەناوخۆ و دەرەوە، درێژ دەکەین، کە باوەڕیان بە دیموکراسی، دادپەروەری و سەروەری یاسا لە کایەی گشتی هەیە.

لە کۆتایدا، بە بیر هەمو لایەکی دەهێنینەوە، گەلەکەمان لەبەردەم گەردەلولێکی سیاسیی ناوچەیی و ناوخۆییدایە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، پێویستمان بە خۆڕێکخستنەوە، خۆئامادەکردن و یەکبونە، با هەمومان پێکەوە، لە کۆنفرانسی کەرکوکدا، بناغەی قۆناغێکی نوێی سیاسی دابڕێژین، کە تێیدا ئومێد و متمانە بۆ کایەی سیاسیی و ڕێکخراوەیی بگەڕێنینەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان
٢ی شوباتی ٢٠٢٦

764 جار خوێندراوەتەوە