لیندسی گراهام پڕۆژەیاسایەک بۆ پاراستنی کورد لە سوریا و سزادانی نەیارەکانیان پێشکەش دەکات

KNN : Kurdish News Network
04:02 - 27/01/2026
کوردستان
+
-

سیناتۆرێکی دیاری ئەمریکا هۆشداریی توند دەدات لە تێکچوونی دۆخی سووریا و ڕایدەگەیەنێت، نابێت واشنتۆن دەستبەرداری کورد ببێت. دەشڵێت: "حکوومەتی نوێی سووریا کە لەگەڵ تورکیا هاوپەیمانە، هەڕەشەیە بۆ سەر کوردەکان."

لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاویکردەوە، کە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری تێکچوونی بارودۆخی سووریا دەکات. ئاماژەی بەوەش کردووە کە کوردەکان لەلایەن حکوومەتی نوێی سووریاوە، کە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا هەیە، لەژێر هەڕەشەی جددیدان.


گراهام پێیوایە دەستبەرداربوون لە کورد، کە هاوپەیمانی سەرەکی بوون لە تێکشاندنی خەلافەتی داعش، دەبێتە کارەسات بۆ ناوبانگ و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمریکا.


ڕاشیگەیاند کە لەم هەفتەیەدا پڕۆژەیاسایەک بەناوی "یاسای ڕزگارکردنی کورد" پێشکەش دەکات، کە ئامانج لێی سەپاندنی سزای توندە بەسەر هەر حکوومەت یان گروپێکدا کە بەشداری بکات لە کردەوەی دوژمنکارانە دژی کورد.


سیناتۆرەکە پێشبینی دەکات پڕۆژەیاساکە پشتیوانییەکی بەهێزی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمریکا بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە فشارێکی کاریگەر.


ئەم هەڵوێستەی لیندسی گراهام لەکاتێکدایە کە گۆڕانکارییە سیاسی و مەیدانییەکانی سووریا نیگەرانی لای بەشێک لە سیاسەتمەدارانی واشنتۆن دروستکردووە سەبارەت بە چارەنووسی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

760 جار خوێندراوەتەوە