وەزارەتی دارایی دەڵێت ئەو کەسانەی کارتی
هەژماری منیان نییە موچەی ئەم مانگەیان ڕادەگرێت و تا ئێستاش زیاتر لە یەک ملیۆن
کەس لە پڕۆژەکەدا بەشدارن.
هەواڵ:KNNC
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەریمی
کوردستان دەڵێت ئەوانەی هەژماری منیان نییە موچەیان ڕادەگیرێت و پڕۆسەکەش
بەردەوامە.
بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لەیەک
ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر و سوودمەندان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کراون و بۆ
مووچەی ئەم مانگە نزیکەی ٧٠٠ هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی
بڕیاری وەزارەتی دارایی کرایەوە بۆ ڕاگرتنی مووچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەر و
مووچەخۆرانەی خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار نەکردووە یاخود کارتی بانکییان
تەواو بووە و کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.
هەر لە كۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ڕێكاری پێویست
لە گەڵ ئەو بانکانە بگیرێتەبەر کە لە مانگەکانی ڕابردوو کێشەی نەبوونی سەنتەری
پەیوەندی و درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و کەمی ئامێریان ATM هەیە و هۆشداری
توندیان پێ بدرێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەو کێشانە.
هاوکات پرسی کێشەکانی بانکی بازرگانی عێراقی ( TBI ) یەکێکی تر بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەو
بانکە چەندین کێشەی هەبووە لەوانە کێشەی تەکنیکی بەردەوام و دانەنانی ئامێری
ڕاکێشانی پارە لە قەزا و ناحیە و ئیدارە سەربەخۆکان و نەبوونی سەنتەری
پەیوەندیکردن و کەمی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەنتەری پارێزگاکان و درەنگ
پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە، بەو هۆیەوە بەشێکی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی
لەو بانکە ناوی خۆیان تۆمار کردبوو لە ئێستادا بەشێوەی ئارەزومەندانە دەگوازرێنەوە
سەر بانکی دڵخوازی دووەمی خۆیان و ئیجرائاتی پێویستیش لەگەڵ بانکی ناوبراو دەکرێت
، هەر بانکێکیش توشی سزا و سنووردارکردنی خزمەتگوزارییەکان ببێتەوە لە پڕۆژەکە دور
دەخرێتەوە، ئەم هەنگاوانەش هەر بانکێک دەگرێتەوە کە پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکان و
نەتوانێت باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە مووچەخۆران بکات.
لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر
هەنگاوەکانی تۆمارکردنی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە
تایبەتەکان لە پڕۆژەی هەژماری من ، کە لەکۆی ٤٥٥ هەزار سوودمەند تا ئێستا ٤٣٨
هەزاریان زانیارییەکانیان وەرگیراوە و زیاتر لە ٣٥٤ هەزار کەسیشیان لە پڕۆژەکە
تۆمار کراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەمیان تۆمار دەکرێن.
هەروەک ئاماژە بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ
جوتیاران کرا کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە پرۆسەکە دەستی پێکردووە بە ئامانجی ئەوەی
سەرجەم جوتیاران ببنە خاوەن هەژماری بانکی و شایستەی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە ڕێی
کارتی بانکییەوە وەربگرن.
555 جار خوێندراوەتەوە