وەزارەتی پەروەردەی سووریا وردەکارییەکانی
خوێندنی زمانی کوردی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت؛ کوردیی زمانێکی نیشتمانییە و پڕۆگرامی تایبەتی
بۆ دادەنرێت.
محەمەد عەبدولڕەحمان ترکو، وەزیری پەروەردەی
سووریا بڕیاری ژمارە ٩٤٣ی واژۆ کرد کە تایبەتە بە ڕێنماییە جێبەجێکارییەکانی خوێندنی
زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندندا.
ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی فرەچەشنیی
کولتووری و ناسنامەی نیشتمانی سووریا وەسف کراوە.
خاڵەکانی بڕیارەکە بەم شێوەیەن:
١. ئامادەکردنی
پڕۆگرامی خوێندن: ناوەندی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان ڕاسپێردراوە کە لە ماوەی
کەمتر لە شەش مانگدا پڕۆگرامی خوێندنی زمانی کوردی بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێندن ئامادە
بکات، بە جۆرێک کە پێش دەستپێکی ساڵی خوێندنی داهاتوو کتێبەکان چاپ و ئامادە بن.
٢. مەرجەکانی
مامۆستایانی زمانی کوردی: بۆ دابینکردنی کادێری پێویست، پێویستە مامۆستاکان ئەم مەرجانەیان
تێدابێت:
* بڕوانامەی زانکۆ یان پەیمانگای پێگەیاندنی
مامۆستایانی هەبێت و شارەزای زمانی کوردی بێت.
* لە کاتی پێویستدا، هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەییش
کە زمانی کوردی دەزانن دەتوانن دابمەزرێن.
* هەموو کاندیدەکان دەبێت تاقیکردنەوەی نووسین
و زارەکی ئەنجام بدەن بۆ سەلماندنی توانای زمانەوانییان.
* بەڕێوبەرایەتی ڕاهێنان خولی تایبەت بۆ بەرزکردنەوەی
ئاستی زانستی و پەروەردەیی مامۆستاکان دەکاتەوە.
٣. شێوازی
خوێندن لە قوتابخانەکان:
زمانی کوردی وەک "زمانێکی نیشتمانی"
دەناسرێت و ڕێگە دەدرێت لە قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکاندا بخوێندرێت.
خوێندنی ئەم زمانە بۆ قوتابیان "ئارەزوومەندانە"
(ئیختیاری) دەبێت.
هەفتانە دوو بەشەوانە (حسە) بۆ زمانی کوردی
تەرخان دەکرێت.
نمرەی زمانی کوردی لە کۆی گشتی نمرەکان هەژمار
دەکرێت، بەڵام نابێتە هۆی دەرچوون یان کەوتنی قوتابی.
٤. شوێنی
جێبەجێکردن: بەڕێوبەری پەروەردەی پارێزگاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارەکان، ئەو
قوتابخانانە دەستنیشان دەکەن کە زمانی کوردییان تێدا دەخوێندرێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی
کە هاووڵاتیانی کوردی لێ نیشتەجێیە و ڕێژەیەکی بەرچاو پێکدەهێنن.
٥. چاودێری
و بەدواداچوون: لیژنەیەکی ناوەندی بە سەرۆکایەتی وەزیری پەروەردە و ئەندامییەتی یاریدەدەرانی
وەزیر و بەڕێوبەرانی بەشە جیاوازەکان پێکدەهێنرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە، دابینکردنی
پێداویستییە لۆجستییەکان و وەڵامدانەوەی هەر تێبینی و پێویستییەک کە لە کاتی جێبەجێکردندا
بێتە پێشەوە.
ئەم بڕیارە لە ڕێکەوتی دەرچوونییەوە (٢٦ی
کانوونی دووەمی ٢٠٢٦) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و گشتاندنی بۆ کراوە بۆ هەموو لایەنە
پەیوەندیدارەکان.
464 جار خوێندراوەتەوە