واشنتن هەڕەشەی بلۆککردنی دۆلار دەکات؛ خەزعەلی ئامادەیی نیشانداوە عەدنان فەیحان لە پۆستەکەی لابدات

KNN : Kurdish News Network
11:58 - 24/01/2026
عێراق
+
-

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکی ورددا ئاشکرای دەکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی هۆشداری داوەتە بەغدا کە ئەگەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە حکومەتی داهاتوودا بەشدار بن، دەست بەسەر داهاتی نەوتی عێراقدا دەگرێت. لە بەرامبەر ئەم فشارەدا، قەیس خەزعەلی ئامادەیی نیشانداوە دەستبەرداری پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان ببێت.

 

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز کە لە زاری بەرپرسێکی باڵای عێراقییەوە گواستوویەتییەوە، لە ژێر توندیی فشارەکانی واشنتندا، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلولحەق، بە ئەمریکییەکانی ڕاگەیاندووە کە "ئامادەیە عەدنان فەیحان لە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لابدات".


ئەم هەڵوێستەی خەزعەلی دوای ئەوە دێت کە واشنتن بە ڕاشکاوی دژایەتی خۆی بۆ دەستبەکاربوونی فەیحان دەربڕی و وەک نیشانەیەک بۆ سەرکەوتنی "سیاسەتی گوشار"ی ئیدارەی تڕەمپ لەقەڵەم دەدرێت.

پەیامە توندەکەی ئەمریکا کە لەلایەن "جۆشوا هاریس" کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە گەیەندراوەتە سەرۆک وەزیران و سەرکردە سیاسییەکان و جەخت لەوە دەکاتەوە:

ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ حکومەتێکدا ناکات کە نوێنەری ٥٨ پەرلەمانتارە "نزیکەکەی لە ئێرانی" تێدا بێت.

لە ئەگەری بەشداربوونی ئەو گروپانە، ناردنی "دۆلاری نەوت" لە بانکی فیدراڵیی نیویۆرکەوە بۆ بەغدا ڕادەگیرێت.

ئەم فشارانە هاوکاتن لەگەڵ هەوڵەکانی دۆناڵد تڕەمپ بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا. ئەمریکا عێراق وەک "سییەکانی ئابووری ئێران" دەبینێت و دەیەوێت لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی دۆلارەوە، ڕێگری لە هەر دزەکردنێکی دارایی تاران بکات لە ڕێگەی بانکەکانی بەغداوە.

1308 جار خوێندراوەتەوە