ڕۆژنامەی شەرقولئەوەست لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژە بەوە دەکات کە تادێت گومانەکان لەسەر پرسی کشانەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەرژەوەندیی نوری مالیکی، ڕکابەر و سەرۆکی کوتلەی دەوڵەتی یاسا زیاتر دەبن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەردوو جەمسەرەکە و هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش بێدەنگییان هەڵبژاردووە و هیچ بەیاننامەیەکی ڕوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو "خۆنەویستییەی" سودانی دەرنەچووە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، چاودێران و شارەزایانی وەک ئیحسان شەمرانی پێیان وایە ئەوەی ڕوودەدات تەنها مانۆڕێکی سیاسیی کاتییە، چونکە سودانی باش دەزانێت مالیکی ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە دەبێتەوە، لەوانە ڤیتۆی مەرجەعیەتی نەجەف و دژایەتی توندی موقتەدا سەدر، بۆیە بەم کشانەوەیە دەیەوێت کات بکوژێت و دوای شکستی کاندیدبوونی مالیکی، جارێکی تر وەک تاقە بژاردە بگەڕێتەوە.
هاوکات غالیب دەعمی، مامۆستای زانکۆ بۆ ڕۆژنامەکە دەڵێت کە ئەگەری هەیە هەردوو پیاوەکە کەوتبێتنە ناو تەڵەیەکەوە کە لەلایەن "هێڵی ناوەند"ی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی (حەکیم، عامری و خەزعەلی) بۆیان چنراوە؛ بەو پێیەی ئەو لایەنانە دەزانن بەهێزبوونی سودانی یان مالیکی دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، بۆیە هانی سودانییان داوە بکشێتەوە تا شەرعیەتی ویلایەتی دووەمی لاواز بکەن و دواتر بە پاساوی نەبوونی کۆدەنگی لەسەر مالیکی، هەردووکیان لە کایەکە دووربخەنەوە و کاندیدێکی "تەوافوقی" بێننە پێشەوە کە تەنها جێبەجێکاری فەرمانەکانی ئەوان بێت.
لە ئێستادا کە پەرلەمانی عێراق تەنها دوو هەفتەی لەبەردەمدا ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دیاریکردنی کاندیدی کوتلەی گەورە، ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم "شانۆگەرییە سیاسییە" ڕەنگە ببێتە هۆی سووتانی چانسی هەردوو سەرکردەکە و گۆڕینی هاوکێشەی دەسەڵات بۆ ئاراستەیەکی نوێ کە تێیدا بڕیاردەری سەرەکی ئەو لایەنانە بن کە لە پشت پەردەوە یاری بە کارتەکانی سودانی و مالیکی دەکەن.
212 جار خوێندراوەتەوە