رێککەوتنەکەی هەرێم و بەغداد بۆ سێ مانگی دیکە درێژکرایەوە

KNN : Kurdish News Network
09:15 - 15/01/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، درێژکردنەوەی ماوەی ڕێککەوتنی نەوتی لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، لە ئێستادا ڕۆژانە زیاتر لە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ڕێککەوتنی سێقۆڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کە بڕیاربوو لە 12ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا کۆتایی بێت، بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە و تا بەرواری 31ی ئاداری ئەمساڵ درێژکرایەوە، ئەوەش بە مەبەستی ئەوەی حکوومەتی داهاتووی عێراق بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات.

وەزارەتەکە ئاماری بەرهەمهێنان و فرۆشتنی خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندوە، بە جۆرێک؛

لە ئێستادا ڕۆژانە لەنێوان 250 بۆ 270 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت و لەڕێگەی بەغداوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت.

لەدوای دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردنەوە، تا ئێستا نزیکەی 22 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە فرۆشراوە.

جەختیش کراوەتەوە کە لە ئێستادا هیچ گرفتێکی تەکنیکی لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمدا نەماوە.


سەبارەت بە شایستە داراییەکان و پشکی هەرێم، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە داوە کە حکوومەتی هەرێم لە پەیوەندی بەردەوامدایە و بەرنامەیەکی ڕوونی هەیە بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٦.
حکوومەتی هەرێم هەوڵ دەدات دۆسیەی نەوت و هەناردەکردن بکاتە بنەمایەکی سەرەکی لە دانوستانەکانی لەگەڵ حکوومەتی داهاتووی عێراقدا، بە ئامانجی مسۆگەرکردنی مافە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.

84 جار خوێندراوەتەوە