لویس ساکۆ: لە عێراق ستەم لە مەسیحییەکان دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
09:37 - 31/12/2025
عێراق
+
-

لویس ساکۆ دەڵێت بە مەبەست قسەکانیان گۆڕیوە و هەڕەشەشی لێکراوە دەسەڵاتیش بێدەنگبووە، لە عێراق دەیانەوێت مەسیحییەت و کەنیسە بێدەنگ بکەن و ستەم لە کریستییانەکان دەکرێت بە وەدەرنان و دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکەنیان، بەڵام ناتوانن بێدەنگیان بکەن چونکە ئەو نوێنەرایەتی نزیکەی ملیار و نیوێک کەسی جیهان دەکات، دەشڵێت نوێنەرانی مەسیحیی لەنێو حکومەت و پەرلەمان ئایینەکەیان ناشرینکردوە.

 

هەواڵ:KNNC


لویس ساكۆ پاتریارکی کلدانی عێراق و جیهان لە چاوپێكەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: ئاڵوگۆڕی پیرۆزبایی لە نێوان ئایینەکاندا بە مانای گۆڕینی ئایینی کەسێکی دیکە نییە و قەدەغەکردنی پیرۆزبایی لە مەسیحییەکان هەڵگری رق و کینەیە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە عێراق دەیانەوێت کەنیسە بێدەنگ بکەن دوای ئەوەی دەنگی ئایەتوڵا سیستانیان بێدەنگ کرد.

لوسی ساکۆ لەبارەی بابەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسرائیل وتی، دەستەواژەی ئاساییکردنەوەی بەكارنەهێناوە لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ قەوارەی زایۆنیدا، تەنها بیرۆکەی خۆی خستوەتەڕوو، بەڵام قسەکانیان گۆڕیوە و لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ کرد، هەروەها ئاسکرای کرد کە ئەو یاوەری پاپا فرانسیس بووە بۆ ئوردن بەڵام ڕەتیکردوەتەوە لەگەڵیدا بچێتە ئیسرائیل.

 

ئەوەشی ئاشکراکرد، کە دوای ئەو بابەتی ئاساییکردنەوەیە ڕووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە و دووچاری سەرئێشەیان كردوە، بەڵام ئەو تەنها نییە و نوێنەرایەتی یەک ملیار و 400 ملیۆن کەس دەکات لە سەرانسەری جیهان، تەنها ئەوە نا بەڵکو باوباپیرانی لە کوفەی عێراق  بە خاک سپێردراون و هاووڵاتی ڕەسەنی وڵاتەکەیە.

 

لەبارەی هەڵوێستی کاربەدەستانەوە لویس ساکۆ وتی، لە دوای بابەتەکەوە دەسەڵاتدارانی حکومەت پەیوەندییان پێوە نەکردوە و مەرجەعییەتیش  بێدەنگی هەڵبژارد، ئەمە ئازاربەخش بووە چونکە وەک پیاوێکی ئایینی هەمیشە خزمەتکاری عێراق بووە و لەوانە هێنانی پاپای جیهان بۆ عێراق.

 

لەبارەی دۆخی کریستییانەکانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە کریستیانەکان خەڵکی ڕەسەنی وڵاتەکەن و بنەچەیان لێرەیە، بەڵام لە وڵاتەکە مەسیحییەکان بە هاوبەش نازانن بەڵکو بە تابوری پێنجەمی دەزانن، هەر لەبەرئەوەش یەک ملیۆن مەسیحیی عێراقیان بەجێهێشتوە  هەزار و 500 مەسیحییش كوژراون و هەزار و 200 موڵکیشیان لە بەغداد دەستی بەسەردا گیراوە، ئێستا مەسیحییەکان عێراق بە وڵاتی دزراو خۆیان دەزانن.

 

وتیشی کۆچی مەسیحییەکان لەدوای پڕۆسەی ئازادییەوە زۆر زیادیکردوە و بەجۆرێک لە 2003ەوە ژمارەی مەسیحییەکان لە 750 هەزار کەسەوە بۆ کەمتر لە 500 هەزار کەس دابەزیوە، لەگەڵ ئەوەشدا نوێنەرانی مەسیحییەکان لە پەرلەمان و حکومەت بە هەڵسوکەوت و مامەڵەکانیان ئایینەکەیان شێواندوە....

36 جار خوێندراوەتەوە