ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئەمڕۆ هەینی وردەکاری پلانی ئاشتی
ئەمریکای بە پاڵپشتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا
ئاشکرا کرد.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پلانی ئاشتی ترەمپ بۆ ئۆکرانیا
لە ٢٨ خاڵ پێکدێت و بریتییە لە ناچارکردنی کیێڤ بۆ دەستبەرداربوون لە خاکی وڵاتەکەی
لە ڕۆژهەڵات و سنووردارکردنی قەبارەی سوپاکەی و ڕەزامەندیدان لەسەر ئەوەی هەرگیز پەیوەندی
بە ناتۆوە نەکات.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، ئەو ڕەشنووسی پلانەی بەدەستی هێناوە،
لەلایەن بەرپرسێکی ئۆکراینی و بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پێشنیارەکە
پشتڕاستکراوەتەوە.
ئەو پلانە، بەگوێرەی ئاکسیۆس، لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری
ترەمپەوە داڕێژراوە، بە بەشداری مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و گارید کۆشنەر
زاوای سەرۆکی ئەمریکا.
دانیال دریسکۆڵ، وەزیری سوپای ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە بە
نووسراو پلانەکەی پێشکەش بە ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد.
دواتر زێلێنسکی ڕایگەیاند کە ئامادەیە لەگەڵ ترەمپ و تیمەکەی
تاوتوێی ئەو پلانە بکات.
بەپێی پلانەکە، بەشێک لە سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی ڕووسیا
بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا تەرخان دەکرێت، لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکانی سەر مۆسکۆ و ڕێککەوتنی
نێوان ئەمریکا و ڕووسیا سەبارەت بە هاوبەشی درێژخایەن لە بوارەکانی وەک زیرەکی دەستکرد
و کانگا و گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ گرووپی هەشت لەخۆ دەگرێت.
جگە لەوەش هەموو لایەنەکان لێبوردن لە بەرامبەر کارەکانیان
لە کاتی شەڕدا وەردەگرن، کە پێدەچێت بەو مانایە بێت کە بەرپرسان و سەربازانی ڕووسیا
ناتوانرێت بە تاوانی جەنگ لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
هەروەها لە پلانەکەدا داوا دەکات ئۆکرانیا لە ماوەی 100 ڕۆژدا
هەڵبژاردن ئەنجام بدات لە دوای گەیشتن بە ڕێککەوتن.
بەگوێرەی ئاکسیۆس، پلانەکە ئەمانەی خوارەوەش لەخۆدەگرێت:
دووپاتکردنەوەی سەروەری ئۆکرانیا.
رێککەوتنی دوبارە هەڵنەگیرسانەوەی شەڕ لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و ئەوروپا.
بەڵێنێک لە ڕووسیا بۆ داگیرنەکردنی وڵاتانی دراوسێ و هەروەها ناتۆش کە زیاتر فراوان نەبێت.
دیالۆگێک لە نێوان ڕوسیا و ناتۆ، بە نێوەندگیری ئەمریکا، بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە ئەمنییەکان و ڕەخساندنی هەلومەرجێک بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندن لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایشی جیهانی و زیادکردنی دەرفەتەکان بۆ هاوکاری داهاتوو و گەشەپێدانی ئابووری.
گەرەنتی ئەمنی متمانەپێکراو بۆ ئۆکرانیا.
کەمکردنەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ 600 هەزار کارمەند.
ئۆکرانیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی لە دەستووری وڵاتەکەیدا ئەندام نەبوونی خۆی لە ناتۆدا جێگیر بکات، هاوکات ناتۆش ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی بڕگەیەک لە میساقەکەیدا جێگیربکات سەبارەت بە قەدەغەکردنی پەیوەستبوونی ئۆکرانیا لە داهاتوودا بە ناتۆ.
ناتۆ ڕەزامەندی دەربڕیوە کە هێزەکانی لە ئۆکرانیا جێگیر نەکات.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئەوروپا لە پۆڵەندا جێگیربکرێن.
880 جار خوێندراوەتەوە