چوارچێوەی هەماهەنگی؛ مالیکی، عامری و فەیازی بۆ دانوستانی پێکهێنانی حکومەت ڕاسپارد

KNN : Kurdish News Network
11:49 - 20/11/2025
عێراق
+
-

چوارچێوەی هەماهەنگی هەریەک لە نوری مالکی، هادی عامری و فالح فەیازی بۆ دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت ڕاسپارد  و ئەندامانی دیاریکردنی بەربژێران ئاشکراکران.

هەواڵ:KNNC

 

 

هەوڵيکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق بەردەوامە و لەو میانەشدا، چوارچێوەی هەماهەنگی هەریەک لە نوری مالکی، هادی عامری و فالح فەیازی بۆ دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت ڕاسپارد.

 

دوو بەرپرسی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی، ناوی ئەندامانی سەرەکیی دو لیژنەکەی ئەو هاوپەیمانێتییە  بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتو، دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئاشکراکرد.

 

عەلی دفاعی، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانێتییەکە وتی: شێخ هومام حەمودی، بەڕێزان عەمار حەکیم و عەبدولسادە فرێجی، ئەندامی لیژنەی دیاریکردنی کاندیدى سەرۆکوەزیرانن.

 

هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییە، عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەیە، عەبدولسادە فرێجی، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانییە، کە پارتی فەزیلە پێکهێنەری سەرەکییەتی.
ڕاشیگەیاند؛ هەریەکە لە نوری مالکی و هادی عامری و فالح فەیاز بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێردراون و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا دەکەن.

 

کاری ئەو لیژنەیە تاوتوێی سیڤی ئەو کەسانە دەبێت، کە دەیانەوێت ببنە بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، ئەوەش بەگوێرەی چەند پێوەرێک کە دیارییان کردووە.

دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو بۆ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەرکێکی ئاسان نابێت، بەتایبەت کە ژمارەی کورسیی لایەنە سەرەکییەکان نزیکن لە یەکدییەوە

280 جار خوێندراوەتەوە