دوای پێشنیازەکەی سەرۆک کۆمار بۆ درێژکردنەوەی ئۆپراسیۆنی سەربازی وڵاتەکەی لە سوریا و عێراق، بە بیانونی ناسەقانگیری و مەترسی لەسەر سنورەکان، پەرلەمانی تورکیا، پێشنیازەکەی ئەردۆغانی پەسەند کردوو و بریاریدا بە درێژکردنەوەی ئۆپراسیۆنەکانی وڵاتەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵی دیەکە، سەرەڕای ناڕەزایی دەمپارتی و جەهەپە.
هەواڵ:KNNC
درەنگانێکی دوێنێ سێشەممە، پەرلەمانی تورکیا، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە عیراق و سوریا بۆ ماوەی سێساڵ درێژکردەوە، سەرەڕای ئەوەی دەمپارتی و جەهەپەش بڕیارەکەیان رەتکردەوە.
بە گوێرەی بڕیارەکەی پەرلەمان، درێژکردنەوەەکە لە 30ـی تشرینی یەکەمەوە دەستپێدەکات، و ئۆپراسیۆن و جێگریکردنی هێزەکانی تورکیا لە هەردوو وڵاتەکەدا بەردەوام دەبێت.
لە چەند رۆژی رابردودا، سەرۆكایەتی كۆماری توركیا یاداشتنامەیەكی بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشكەش بە پەرلەمانی وڵاتەكەی كرد بۆ درێژكردنەوەی ماوەی ئەنجامدانی پرۆسە سەربازییەكان لەناو خاكی سوریاو عێراق.
لە یاداشتنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "هەڕەشەی تیرۆریستی بەردەوام لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری تورکیا و نەبوونی سەقامگیری بەردەوام، مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دروست دەکات."
درێژكردنەوەی ئەو بڕیارە لەكاتێكدایە، ماوەی ساڵێك زیاترە پرۆسەی چارسەرەى و ئاشتی لە نێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان دەستیپێكردوە و پێكدادانە سەربازییەكانیش بە تەواوی راگیراون.
65 جار خوێندراوەتەوە