هەسەدە: ئەوەی لە حەلەب دەگوزەرێت، دەرئەنجامی هەوڵەکانی حکومەتی کاتی دیمەشقە بۆ پێشڕەوی کردن بە تانک

KNN : Kurdish News Network
09:34 - 07/10/2025
کوردستان
+
-


هەسەدە ڕاگەیەندراوێكی لەسەر روداوەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب،  ئەشرەفیە و شێخ مەقسود بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ ئەوەی دەگوزەرێت، دەرئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی حکومەتی دیمەشقە لە دژی خەڵکی مەدەنی.

هەواڵ:KNNC

درەنگانێکی شەوی رابردو، لە گەرمەی هێرشەکانی چەکدارانی دیمەشق بۆسەر گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە حەلەب، هەسەدە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتوە؛ هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن تۆمەتی درۆ بڵاودەکەنەوە کە هێزەکانیان خاڵەکانی پشکنینی سەر بە چەکدارانی حکومەتی دیمەشقیان لە دەوروبەری گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەب کردوەتە ئامانج.



هەسەدە ئەوە ڕەتدەکاتەوە  و دەڵێت؛ ئەوان بە وردی دوپاتی دەکەینەوە کە ئەم تۆمەتانە بە تەواوی دورن لە راستیەوە و هێزەکانیان لەدوای کشانەوەیانەوە بەپێی ڕێککەوتنی یەکی نیسان لە ناوچەکەدا ئامادە نەبون.



ئاماژیان بەوەشکردوە؛ ئەوەی لە گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دەگوزەرێت، دەرئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی دوبارەی چەکدارەکانی حکومەتی دیمەشقە لە دژی خەڵکی مەدەنی.



 ئەوان گەمارۆی ئەمنی و مرۆیی خنکێنەریان سەپاندوە، یارمەتی و پێداویستییە پزیشکییەکانیان بڕیوە، زۆرێک لە دانیشتوانیشیان ڕفاندوە و بەردەوام بون لەگێچەڵکردنی ڕۆژانەیان دژی دانیشتوان لە بازگەکان و دەوروبەری گەڕەکەکان و  لەم دواییانەدا بە بەربستکردنی ڕێگەکان لە دەوری گەڕەکەکان، گەمارۆیان سەپاند بو.



هەروەها باس لەوەشکراوە؛ لە هەڵکشانێکی مەترسیداردا، ئەو گروپە چەکادرانەی سەر بە حکومەتی دیمەشقن، بە تانک و زرێپۆشەوە هەوڵی پێشڕەوی دەدەن و گەڕەکەکانی نیشتەجێون بە گولـلە هاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەنە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و زیانی ماددی بەرفراوان لێدەکەوێتەوە.



ئەم کارانەی ئەو گروپە چەکدارانە،  وای کردوە هاوڵاتییانی مەدەنیش  شانبەشانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکەدا بەرگری لە خۆیان بکەن، کە ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری جێبەجێ دەکەن.



هەسەدە جەختیشدەکاتەوە لەوەی ئەوان حکومەتی دیمەشق بە تەواوی و ڕاستەوخۆ بە بەرپرسیار دەزانین لە بەردەوامی گەمارۆ خنکێنەر و پێشێلکارییە سیستماتیکییەکان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی، هەروەها لە پەرەسەندنی مەترسیدار لەم دواییانەدا، کە ئازارەکانی دانیشتوان گەورەتر دەکات و سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە و بێبایەخکردنی بە ئەنقەست بۆ ژیان و کەرامەتی خەڵک ئاشکرا دەکات.



داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەکەن، کە هەنگاوی بەپەلە و کاریگەر بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم گەمارۆ ناڕەوا و ڕاگرتنی هێرشانە دژی خەڵکی مەدەنی لەلایەن چەکدارەکانی حکومەتی دیمەشقەوە ئەنجامدەدرێن.

361 جار خوێندراوەتەوە