پارچەی ئۆتۆمبێل بە کانزا؛ چین و ئێران ئاڵوگۆڕێکی جیاوازی بازارگانی دەکەن

KNN : Kurdish News Network
08:18 - 07/10/2025
جیهان
+
-

بە پێی ڕاپۆرتی بلومبێرگ، لە نێوان گەمارۆ بەربڵاوەکاندا، ئێران  و چین سیستەمێکی نوێی ئاڵوگۆڕکردنیان داناوە کە تیایدا ئۆتۆمبێلی چینی بە کانزا ئێرانییەکان دەگۆڕدرێنەوە.

هەواڵ:KNNC

بلومبێرگ بڵاویکردوەتەوە، چەند مانگ جارێک بارکردنی پارچەی ئۆتۆمبێلی چێری لە چینەوە بۆ ئێران دەنێردرێت بۆ ئەوەی لە کارگە ناوخۆییەکان کۆبکرێنەوە و لە ژێر ناوی "بەڕێوەبەرانی ئۆتۆمبێلی ماتۆڕ" (MVM) بفرۆشرێن.


 لە بەرامبەردا تاران  بڕێکی بەرچاو لە مس و زینکی وڵاتەکەی بۆ کۆمپانیاکانی کانزاکانی چین دابین دەکات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە  پیشەسازییە قورسەکانی ئەو وڵاتە.



 لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە؛ ئاڵوگۆڕکردنەکە لە نێوان کۆمپانیاکانی پارێزگای ئەنهوی چین ئەنجام دەدرێت، لەنێویاندا چێری و کۆمپانیای زەبەلاحی کانزاکان تۆنگلینگ، کۆمپانیاکان ڕاستەوخۆ بازرگانی لەگەڵ ئێران ناکەن، بەڵکو لە ڕێگەی ناوەندکاران و کۆمپانیاکانی پێشەوە کاردەکەن بۆ دەربازبون لە سنووردارکردنی بانکی کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپاوە سەپێنراون.

 بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، قەبارەی گرێبەستەکان دەتوانێت فرۆشی ساڵانەی تا 90 هەزار ئۆتۆمبێل لەخۆبگرێت.


سەرەڕای ڕەتکردنەوەی پێشووی کاربەدەستانی ئێران  لەم جۆرە هاوکارییە، ئەم شێوازە ئاڵوگۆڕکردنە نیشان دەدات کە تاران بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی لە ژێر گەمارۆکاندا بەرەو بازرگانی نا کاش لەگەڵ چین هەنگاوی ناوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا لە ترسی سزاکان پاشەکشەیان کردوە، پەکین بەردەوامە لە بازرگانیکردن لەگەڵ تاران بە بەکارهێنانی میکانیزمەکانی بنەمای ڕیاڵ و یوان؛ ڕێبازێک کە شرۆڤەکاران دەڵێن زیندووکردنەوەی جۆرێکە لە "ئابووری ئاڵوگۆڕکردن" لە سەردەمی سزاکاندا.

118 جار خوێندراوەتەوە