ژوری پەیجوری و توێژینەوەكان لە مەكۆی سەرەكی لە سلێمانی، لەگەڵ نوێنەری ئەنجومەنی قەزاكانی بزوتنەوەی گۆڕان (مەكۆكان) كۆبونەوە بۆ جیبەجێكردنی راسپاردە و بڕیارەكانی دیداری گۆڕانخوازان کە لە (20ی ئەیلولی 2025) كە بەبەشداری زیاتر لە (1400) گۆڕانخواز بەڕێوەچو.
هەواڵ:KNNC
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نوێنەری مەكۆكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دیداری گۆڕانخوازان كۆبوونەوە، كۆبوونەوەكە پەیوەست بو بە میكانیزمی وەرگرتنی بۆچوون و راوەرگری لە هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی هەرێمی كوردستان و تێیدا بەشێوەیەكی كرداری ئەو هەنگاوانە باسكران كە پێویستن هەر مەكۆیەك بیگرێتەبەر بۆ كۆبونەوە و پەیوەندیگرتن لەگەڵ هەڵسوڕاوان و وەرگرتنی بۆچون و سەرنجەكانیان سەبارەت بە داهاتووی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو دەرفەت و ئاڵنگاریانەی لەبەردەم بزوتنەوەكەدان.
رۆژی شەممە (20ی ئەیلولی 2025) دیداری گۆڕانخوازان بە بەشداری (1420) هەڵسوڕاو و گۆڕانخواز لە هەرێمی کوردستان، کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و نوێنەرایەتی ڕەوەندی کوردی بەسەرکەوتویی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچو.
لە كۆتاییەكەیدا چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەک لەلایەن گۆڕانخوازانەوە گەڵاڵە کرا، لەنێویاندا پێكهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بەسەرپەرشتی بەڕێز دانا ئەحمەد مەجید، بۆ کۆکردنەوە و بژاردکردنی باری سەرنج و پێشنیاز و بۆچونەکانی هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان، بەمەبەستی گوێلێگرتن و بەهەندوەرگرتنی ئاڕای ئۆرگانەکان بۆ ڕێکخستنەوەی چوارچێوەی کاری ڕێکخراوەیی و گۆڕانکاری پێویست.
86 جار خوێندراوەتەوە