ترەمپ وازناهێنێت.. قینی کۆنی لەدڵدایە و 24 ملیۆن دۆلاری لە یوتوبیش بردەوە

KNN : Kurdish News Network
08:36 - 30/09/2025
هەمەڕەنگ
+
-

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، داوایەکیشی لە یوتوب بردەوە و کۆمپانیاکە کە سەر بە کۆمپانیای گۆگلە، ڕەزامەندی دەربڕیوە 24 ملیۆن و نیو دۆلار بدات بە ترەمپ بۆ یەکلایکردنەوەی ئەو داوایەی کە تۆماریکردوە و مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ  ساڵی 2021 کە یوتوب ئەوکات ئەکاونتەکەی داخست.

هەواڵ:KNNC

دوای بردنەوەی داواکانی لە فەیسبوک و ئێکس ، ئەمجارە ترەمپ داوایەکی لە یوتوب بردەوە و بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە دادگای فیدراڵی کالیفۆرنیا تۆمارکراون، یوتوب وەک قەرەبو  24 ملیۆن 500 هەزار دۆلاری داوە بۆ یەکلایکردنەوەی داواکەی ترەمپ لەسەریان.

ترەمپ پارەکان بۆخۆی هەڵناگرێت، 22 ملیۆن دۆلار لە یەکلاییکردنەوەکە بۆ دامەزراوەی تراست بۆ مۆڵی نیشتمانی تەرخان دەکرێت بۆ یارمەتیدانی دارایی دروستکردنی هۆڵی ئاهەنگی ویلایەتی کۆشکی سپی، ئەوەشی دەمێنێتەوە بەسەر داواکارانی دیکەدا دابەشدەکرێت، لەنێویاندا یەکێتی پارێزەرانی ئەمریکا.

لە شەشی یەکی ساڵی 2021 دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بە ڕکابەرەکی جۆبایدن دۆڕابو لە هەڵبژاردندا، لایەنەگرانی هێرشیانکردە سەر دانیشتنێکی هاوبەشی کۆنگرێس و پەکیان خست، ئامانجەکەی ڕێگریکردن بو لە دەستبەکاربونی سەرۆکێکی هەڵبژێردراوی شەرعی، هێرشەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک یاخیبون یان هەوڵی کودەتایەک سەیر دەکرا.


 لەو کاتەدا ئەکاونتەکانی دۆناڵد ترەمپ لە ئێکس و فەیسبوک و  یوتوب داخران، ترەمپ ئەمەی بە پێشێلکاری بەرەمبەر بەخۆی زانی و هەر ئەوکات داوای یاسایی تۆمارکرد بەڵام نەیتونای هیچ بکات.

 

لەگەڵ بونەوەی بە سەرۆک بۆ جاری دوەم،  توڕەیی ئەوکاتەی دانەمرکاوەتەوە، پێش ئەوەی لە یوتوب و گۆگل بەرێتەوە هەریەکە لە کۆمپانیاکانی مێتا و ئیکسیش داواکەیان بە تەرەمپ دۆراندبو.

کۆمپانیای مێتا لەبەرامبەر دەستبەرداربونی ترەمپ لە داواکەی 25 ملیۆن دۆلاری وەک قەرەبو دابو بە ترەمپ، لای خۆشیەوە کۆمپانیای ئێکس کە ئیلۆن ماسک خاوەندارێتی دەکات 10 ملیۆن دۆلاری دابو بۆ یەکلاکردنەوەی داواکانی ترەمپ لەسەر کۆمپانیاکە.

214 جار خوێندراوەتەوە