نەتانیاهۆ: بە گەڕانەوەم لە ئەمریکا وەڵامی ئەوانە دەدەمەوە کە دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە

KNN : Kurdish News Network
07:55 - 21/09/2025
جیهان
+
-

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوەکردەوە کە وەڵامی وڵاتەکەی بۆ هەندێک وڵات کە دان بە دەوڵەتی فەلەستین دەنێت، دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکا ڕوودەدات و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دانپێدانانی "یەکلایەنە"ی دەوڵەتی فەلەستینی لە لایەن بەریتانیا، ئوسترالیا و کەنەدا شەرمەزار کرد.

هەواڵ:KNN

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند" وەڵامی ئیسرائیل بۆ دانپێدانانی هەندێک وڵات بە دەوڵەتی فەلەستین دوای گەڕانەوەم لە ئەمریکا ڕوودەدات".

وتیشی"پەیامێکی ڕوونم هەیە بۆ ئەو سەرکردانەی کە دوای کۆمەڵکوژییەکەی 7ی تشرینی یەکەم دان بە دەوڵەتی فەلەستین دەنێن: ئێوە پاداشتی تیرۆر دەدەنەوە،  و دەوڵەتی فەڵەستین نامێنێت."

ناوبراو جەختی کرد: ساڵانێک بوو ڕێگریمان لە دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە "تیرۆریستییە" کرد و لە بەرامبەر فشارە گەورەکانی ناوەوە و دەرەوە بە ئیرادە و حیکمەتە سیاسییەوە ئەو کارەمان کرد و لە بری ئەوە، بنیاتنانی نیشتەجێبونی جولەکەمان لە کەناری ڕۆژاوا دو هێندە کرد و بەردەوامیش دەبین.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دانپێدانانی "یەکلایەنە"ی دەوڵەتی فەلەستینی لە لایەن بەریتانیا، ئوسترالیا و کەنەدا شەرمەزار کرد و هۆشداری دا لەوەی کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکەدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئیسرائیل بە توندی ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن بەریتانیا و هەندێک وڵاتی دیکەوە ڕەتدەکاتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، " ئەم ڕاگەیاندنە ئاشتی بەرەوپێش نابات، بەپێچەوانەوە زیاتر ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات و چانسی گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە لە داهاتوودا تێکدەدات.

1165 جار خوێندراوەتەوە