ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوا لەعێراق دەكات كەلوپەلی بەتاڵانبراوی كوەیت بگەڕێنێتەوە

KNN : Kurdish News Network
04:54 - 18/09/2025
عێراق
+
-

شەوی رابردو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەكۆی دەنگ بڕیارێكی پەسەندكرد سەبارەت بەگەڕانەوەی ئێسكو پروسكی سەرجەم هاوڵاتیانی كوەیتی و وڵاتانی تر كە لەماوەی جەنگی دووەمی كەنداو لەلایەن رژێمی بەعسەوە بێ سەروشوێن كراون.

 

هەواڵ:KNNC

بەپێی بڕیارەكە پێویستە دەسەڵاتدارانی عیراق كارئاسانی بكەن بۆ نوێنەرێكی باڵای نەتەوە یەكگرتوەكان كە بەپشتیوانی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور گەڕان و پشكنین دەكەن بۆ دیاریكردنی شوێنی روفات و ئێسكو پروسكی ئەو هاوڵاتیە كوەیتی و عەرەبیانەی تر كە لەعیراق بێ سەروشوێن كراون .

 

هاوكات داوا لەدەسەڵاتدارانی عیراق كراوە كار بۆ گەڕانەوەی كەلوپەلی بەتاڵانبراوی كوەیت بكەن و دوا وادەش بۆ گەڕانەوەی ئەو كەلوپەلانە 31ی كانونی یەكەمی 2030.

جەختیشكراوەتەوە ئەگەر چارەنوسی بێ سەروشوێنەكانی كوەیت و وڵاتانی تر دیاری نەكرێت لەماوەی ئەو وادەیەی كەدەستنیشانكراوە كە عیراق پابەند دەكرێت كە خۆی ئەو ئەركە جێبەجێبكات .

 

لەماوەی 1990 بۆ 1991 سوپای پێشوی عیراق پەلاماری كوەیتی داو لەهەمان كاتیشدا 605 هاوڵاتی كوەیتی و عەرەبی بەدیلگرت و دواتر بێ سەروشوێنی كردن " بەڵام دواتر لە ساڵی 2004 روفاتی 236 كەسیان دۆزرانەوەو تاوەكو ئێستاش روفاتی 369 كەسەكەی تر نەدۆزراونەتەوە.

117 جار خوێندراوەتەوە