حەماس یاداشتێکی بەپەلەی بۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی
و ئیسلامی، وڵاتانی کاریگەر و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نارد و وێرای ئاشکراکردنی وردەکاریی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر تیمی
دانوستانکاری لە وداوای کرد کە" ئیسرائیل بایکۆت بکەن و لە ڕوی سیاسی و ئابورییەوە
گۆشەگیری بکەن".
هەواڵ:KNN
لە راگەیەنراوێکدا کە حەماس رۆژی 14ی ئەیلول ئاراستەی
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی وئیسلامی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کردوە، هاتوە"
لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئەندامانی دانوستانکارمان لە قەتەر، هەمو ئەندامانی تیمەکەمان
ڕزگاریان بو".
لە راگەیەنراوەکەدا هاتوە کە " تیمی دانوستانکاری
حەماس بۆ گفتوگۆکردن و وەڵامدانەوەی پێشنیازی ئاگربەست لە کۆبونەوەدابون ".
رونیشیکردەوە" حەماس زۆرترین نەرمی نواندوە بۆ ڕاگرتنی
جینۆساید ، بەڵام حکومەتی داگیرکەر بە بەردەوامی هەمو ڕێککەوتنێکی لەناوبردوە لەڕێگەی
تیرۆرکردن و زیادکردنی مەرج و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی ".
لە راگەیەنراوەکەدا حەماس دەڵێت" سەرەڕای پابەندبونی تەواوی بزوتنەوەکە بە بڕگەکانی
ڕێککەوتننامەی 17 ژانویەی 2025، دوژمن پاشگەز بوەتەوە و دەستدرێژیەکانی بە کۆمەڵکوژی
و ئاوارەبون و برسێتی دەستیپێکردوەتەوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبی
و ئیسلامی دەکەین فشار بخەنە سەر دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی لە غەززە و قودس و کۆتایی بە خۆبەزلزانینی ئیسرائیل بهێنن
کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ دەخات، هەروەها داوا لە وڵاتان دەکەین کە ڕێز لە یاسا
نێودەوڵەتییەکان بگرن و وەڵامی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بدەنەوە، ئیسرائیل بایکۆت
بکەن و لە ڕوی سیاسی و ئابورییەوە گۆشەگیری بکەن و سەرکردە داگیرکەرەکان لە دادگا
نێودەوڵەتییەکان بە تاوانی جینۆساید و پێشێلکردنی سەروەری وڵات دادگایی بکەن".
189 جار خوێندراوەتەوە