زیانی ساڵانە بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم 4 ملیار دۆلاری تێپەڕاند

KNN : Kurdish News Network
03:11 - 13/09/2025
کوردستان
+
-

رێکخراوی ئیکۆ ئاشکرای دەکات کە قازانجی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە 11.16 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا خەمڵێندراوە، و بە رێگری لە هەناردەی نەوتی هەرێم، عێراق ساڵانە 4 ملیار دۆلار زیانی پێدەگات.

هەواڵ: KNN

رێکخراوی ئیکۆی عێراق کە تایبەتمەندە بە کاروباری ئابوری، لە راپۆرتێکدا کە ئاژانسی  شەفەق نیوز بڵاویکردوەتەوە ، جەخت لەوەدەکاتەوە کە بڕیاربو هەرێم نزیکەی 230 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردە بکات لە ڕۆژێکدا، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بەکار بێنێت.

 سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەشکردوە" بەپێی حیساباتی ژمارەیی، تێچوی دەرهێنان و گواستنەوە بۆ هەر بەرمیلێک نزیکەی ١٦ دۆلارە و تێچوی گەیاندنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا بۆ هەر بەرمیلێک یەک دۆلار و نیوە".

ڕوونیشیکردەوە" دوای لێبڕینی ئەم تێچونانە، پێشبینی دەکرێت قازانجی پاکی هەناردەکردن 2.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە نرخی 66 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک،  نزیکەی 11.16 ملیۆن دۆلار بێت ".

 رێکخراوەکە دەڵێت" عێراق مانگانە 334 ملیۆن دۆلار و ساڵانەش زیاتر لە 4 ملیار دۆلار  بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیانی پێدەگات".

رێکخراوەکە " پەرلەمانی عێراقی بە بەرپرسیار زانی لەم وەستان و ئاژاوەگێڕییەی هەناردەنەکردنەوەی نەوت " و ئاماژەی بەوەشکرد کە " تیمەکانی دانوستانکاری حکومەتی فیدراڵی و هەرێم خۆیان لە میدیاکان دەدزنەوە سەبارەت بە دۆخی هەناردەکردن".

64 جار خوێندراوەتەوە