لاریجانی: گرۆسی تێکدەر و ئاژاوەگێڕی دۆخەکەیە

KNN : Kurdish News Network
02:33 - 12/09/2025
جیهان
+
-

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران جەخت لەوەدەکاتەوە بەڕێوەبەریی ئێستای ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لاواز و تێکدەرە و لە خزمەتی دوژمنانی ئێرانە و وتیشی" ئاژاوەگێڕی دۆخەکەیە".

هەواڵ:KNN

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، لە وتوێژێکدا لەگەڵ نوسینگەی پاراستن و بڵاوکردنەوەی سەرکردایەتی سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، وتی" ئەوەندەی من ئاگادار بم، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەرگیز لە دۆخێکی وێرانکەر و لاوازدا نەبووە."

 

 ئاشکراشیکرد کە هەرچەندە دەزگاکە لە ژێر هەژمونی ڕۆژئاوادا کاردەکات، بەڵام لە رابردودا لانیکەم هەندێک عەقڵانییەت و ڕێزگرتن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەبو،  بەڵام بەڕێوبەری ئێستای، گرۆسی، چاو لە مستی دوژمنانی ئێرانە و ئاژاوەگێڕی دۆخەکەیە.

لاریجانی راشیگەیاند"  جێگەی شەرمەزارییە کە ڕێساکانی پاراستن باس لەوە دەکەن کە دەزگاکە دەبێت بەرگری لە وڵاتانی ئەندام بکات، بەڵام بە کردەوە نەک هەر هەنگاوی نەناوە، بەڵکو تەنانەت لە ساتەوەختە گرنگەکاندا ئامادە نەبوە کۆبونەوەیەکی بەپەلەی دەستەی پارێزگارەکان بانگهێشت بکات یان ئەو پرسە بباتە ئەنجومەنی ئاسایش و تەنانەت بوێری ئیدانەیەکی سادەی دەرنەکردوە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت"  کەسێک بەو جۆرە کردارەی هەبێت بە هیچ شێوەیەک یەکسان نییە بە بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسەکە و ئەمڕۆ ئەو دەزگایە گەیشتوەتە ئاستێک کە لە بەرامبەر بۆردومانکردنی ناوەندە ئەتۆمییەکانمان بێدەنگ بوە و تەنانەت بەیاننامەیەکی ئیدانەکردنیشی دەرنەکردوە، بەڕاستی ئەمە شەرمەزاری کۆتاییە".

130 جار خوێندراوەتەوە