رۆژنامەی تەلەگراف: تاڵیبان دەیەوێت سێ هاوڵاتیی ئەفغانی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا ڕادەستی ئێران بکات

KNN : Kurdish News Network
08:22 - 21/08/2025
جیهان
+
-

رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردوەتەوە، حکومەتی تاڵیبان بە نیازە سێ هاوڵاتی ئەفغانی کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا دەستبەسەرن، لە دوای رێکەوتنی نهێنیان لەگەڵ ئێراندا، رادەستی ئەو وڵاتەیان بکات

هەواڵ:KNNC

ئەمڕۆ پێنجشەممە، رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی ئاشکرای کردوە لە دوای ڕێککەوتنێکی نهێنی نێوان تاڵیبان و سوپای پاسداران، حکومەتی تاڵیبان بە نیازە سێ هاوڵاتی وڵاتەکەی کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا دەستگیری کردون رادەستی تارانیان بکات.


باسی لەوەشکردوە کە، ئەم هەنگاوە دوای ڕێککەوتنێکی نێوان هەردو وڵاتەکە دێت بۆ هاوکاریکردن لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە لەگەڵ هێزەکانی بەریتانیا لە ئەفغانستان کاریان کردوە و ڕادەستکردنی ئەو کەسانە لە ئەنجامی دانوستانە باڵاکانی سەرکردەکانی تاڵیبان و بەرپرسانی سوپای پاسدارانە لە کابول ، کە رێکەوتنێکی فەرمی هەواڵگریان واژوکرد بو.


ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی پێشتر بڵاویکردبوەوە تاران بە هاوکاری لەگەڵ تاڵیبان بە دوای دەستڕاگەیشتن بە لیستی هێزە ئەمنییەکان و ئیتلاعاتییەکانی بەریتانیا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بتوانن دەستگیرکردنەکانیان وەک چەکێک لە دانوستان لەگەڵ ڕۆژئاوا  سودیان لێببینن.

ئەمە لە کاتیكدایە پێشتریش رۆژنامەکە بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئێران لە تاران بڵاوی کردبوەوە، کە چوار بەرپرسی سوپای پاسداران لەم دواییانەدا بەبێ ئاگاداری حکومەتەکەی پزیشکیان، سەفەریان بۆ کابول کردوە و لەگەڵ سەرکردەکانی تاڵیبان باسیان لە کەڵک وەرگرتن لەو لیستە کردوە.

197 جار خوێندراوەتەوە