جیهان چاوەڕێی کاتژمێر ١١ دەکات... ئەمەش کارنامەی لوتکەی ترەمپ و پوتینە

KNN : Kurdish News Network
10:04 - 15/08/2025
جیهان
+
-

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کۆبونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا، کاتژمێر 11ی شەو بەکاتی هەرێمی کوردستان، لە شاری ئەنکۆراجی پایتەختی ئالاسکا، ڕۆژی هەینی بەڕێوەدەچێت.


کۆشکی سپی کارنامەی کۆبونەوەی لوتکەی پوتین و ترامپی ڕۆژی هەینی لە ئەلاسکا ئاشکرا کرد.


لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتوە، سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی لە واشنتۆنەوە بەرەو ئالاسکا گەشت دەکات و بڕیارە لەگەڵ هاوتا ڕوسییەکەی ڤلادیمێر پوتین کۆببێتەوە بۆ کۆبونەوەی لوتکەی دو قۆڵی.


ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای گفتوگۆی داخراوی نێوان هەردو سەرکردە، ئێوارەخوانێکی هاوبەش بەڕێوەدەچێت، کە شاندەکانی هەردو وڵات ئامادەی دەبن، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی گفتوگۆی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن.
یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، کۆبونەوەکە ئەمڕۆ هەینی، کاتژمێر 11ی شەو دەستپێ دەکات، بە کۆبونەوەیەکی دو قۆڵی و بە ئامادەبونی وەرگێڕان.


ئاماژەی بەوەشکرد، دوابەدوای کۆبونەوەکە پوتین و ترەمپ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش بۆ میدیاکان ساز دەکەن.


ئوشاکۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە تەوەری سەرەکی کۆبونەوەی هەردو سەرۆک یەکلاکردنەوەی قەیرانی ئۆکرانیا و ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاریی دولایەنە بو.


وتی، "هاوکاری نێوان ڕوسیا و ئەمریکا توانایەکی گەورەی هەیە کە بەکارنەهێنراوە".


ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە شاندەکەی ڕوسیا بریتی دەبن لە یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری سەرۆک کۆمار و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە و ئەنتۆن سیلوانۆڤ وەزیری دارایی و کیریل دیمیتریڤ سەرۆکی سندوقی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی ڕوسیا.
ئوشاکۆڤ لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکات کۆبونەوەی داهاتوی نێوان پوتین و ترەمپ لە ڕوسیا ئەنجام بدرێت.

51 جار خوێندراوەتەوە