یەکێتی و پارتی تەنها بەزەبری هێز نەوت ڕادەست دەکەن

KNN : Kurdish News Network
05:10 - 13/08/2025
کوردستان
+
-

 
ئەندامێکی ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوە گۆڕان ڕایدەگەیەنێت،لە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتییە کە نەوت ڕادەستی بەغدا نەکەن و چەند مانگێکی دیکە هەردو حزبی دەسەڵاتدار نەوت ڕادەست نەکەن دەڕوخێن، دەشڵیت ڕێکەوتنەکەی هەرێم  لەگەل بەغدا بۆ چارەسەری گرفتی موچە تاکتیکی بووە و تەنها ئەمریکا دەتوانێت ئەم گرفتە چارەسەر بکات.

هەواڵ: KNNC


لە میانی بەژداریکردنی لە بەرنامەیەکی ڕادیۆی دەنگی گۆڕان ،ئەنوەر کەریم ئەندامی ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت،دوای یازدە ساڵ لە ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ شکستمان هێنا وئێستا کاتی ئەوەیە کە ئەم هەڵەیە ڕاست  بکرێتەوە،ئەگەر ئابوری هەرێمی کوردستان بەم جۆرە بەردەوام بێت دەڕوخێت.

 

 

ئاماژەی بەوەشدا،هەردو بنەماڵەی دەسەڵاتدار هیچ پلان و بەرنامەیەکیان نیە بۆ کەرتی ئابوری و ئەگەر تا شەش مانگی دیکە لەگەڵ بەغدا ڕێکنەکەون لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، شتێک نامێنێتەوە بە ناوی یەکێتی و پارتی.


وتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان میلەتێکیان برسی کردووە تەنها لە پێناو ئەوەی نەوت بە قاچاخ ببەنە دەرەوە و خۆیان پارەداربکەن،پارتی و یەکێتی نەوت ڕادەستناکەن چونکە ڕادەستکردنی نەوت لای ئەوان واتە لاوازبونیان ولێدان لە بەرژەوەندیەکانیان و مانەوەیان لە دەسەڵات.


ئەنوەر کەریم ڕاشیگەیاند:  لە هیچ هاوکێشەیەکی ئابوری و بازرگانیدا نییە کە تۆ 50 ملیار دینار تەسلیمی بەغداد بکەیت و داوای یەک ترلیۆن دینار بکەیت بۆ موچە.


سەبارەت بە ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا دەڵێت: پێویستە هەرێم نەوت ڕادەستی بەغداد بکات ، لەبەر ئەوەی ئێمە لە ڕوی سیاسیەوە هەرێمێکین سەر بە عێراقی فیدڕاڵین و لە ڕوی لۆجستیشەوە ئیمە وڵاتیک نین کەلەسەر دەریا بین بۆیە پێویستە لە ڕێگەی وڵاتێکی دیکەی وەک تورکیا یان سوریا نەوت ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکەین، بۆیە ڕادەستکردنی نەوت لە بەرژەوەندی خەڵکە و لە بەرژەوەندی یەکێتی و پارتی نییە.

 

لەبارەی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کە هەرێم  120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکات دەڵێت هەرێم پابەندی ڕێککەوتنەکە نییە چەندەها کۆمپانیای سەر بە یەکێتی و پارتی هەیە لە هەمو کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان کار دەکەن و وەبەرهێنان دەکەن، تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت زۆر زیاترە لەو بڕەی کە لە یاسای بودجەدا دیاریکراوە، لەسەدا 40 ی داهاتی نەوت بۆ کۆمپانیای کارە و لەسەدا 60ی بۆ کۆمپانیای ڕۆز نەفتە کە دەچێتەوە دەغیلەی پارتی،بۆیە پارتی ویەکێتی نەوت ڕادەست ناکەن تا بە قاچاغ بیفرۆشن.

 

دەشڵێت: حکومەتی هەرێم بۆ گەوجاندنی خەڵک دەڵێت عێراق شۆفێنیە و باوەڕی بە سیستمی فیدڕاڵی نیە و دەیەوێت دەسەڵاتی هەرێم بچوک بکاتەوە ،ئەگەر نا کاتیک یاسای فیدڕاڵی جێبەجێدەکرێت دەبێت هەمو داهاتەکان بچێتەوە  خەزێنەی ناوەند ودواتر لەوێوە دەچێتە شارەکانی دیکە، بەم هۆیەشەوە یەکێتی و پارتی تەنها بە زەبری هێزی سەربازی نەوت ڕادەست دەکەن.

 

لە کۆتاییدا  وتیشی: ڕێککەوتنەکانی هەرێم و بەغداد تاکتیکین و تەنها بۆ ئەوەیە بەغداد موچەی مانگی 5 و 6 بنێرێت، ئەگەر نا هیچ ئەمەلێک نیە کە گرفتی موچە چارەسەر بکرێت،تاکە چارەسەر بۆ ئەم دۆخەی ئێستا ئەوەیە دۆناڵ تڕەمپ فشارلە یەکێتی و پارتی بکات بۆ ڕادەستکردنی نەوت و پێیان بڵێت چیتر خەڵک برسی مەکەن ،ئێوە بە تەنها خاوەنی ئەم هەرێمە نین.

769 جار خوێندراوەتەوە