لە کۆتاییەکانی وەرزی هاوینی ئەمساڵداین و لە بەشێکی
زۆری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما لە بەرزیدا ماوەتەوە و کەشناسێکیش
دەڵێت کۆتایی بە پلەی گەرمای نیوە کوڵان دێت.
هەواڵ:KNNC
محەمەد کەمال، شارەزای کەشوهەوا، بە دیجیتاڵ میدیای کەی ئین ئین ڕاگەیاند لە ئێستادا
لەناو شەپۆلێکی گەرماداین کە کۆتا شەپۆلی ئەمساڵە و لە دەریای هندییەوە گەیشتوەتە هەرێمی کوردستان، دەشڵێت؛ پلەکانی گەرما 4 بۆ 5 پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە
و ئەم شەپۆلە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام
دەبێت.
لەبارەی کۆتایی هاتنی شەپۆلەکەشەوە ئاماژەی
بەوەکرد، لە ڕۆژی یەکشەمەوە 10ی ئابی
2025دەستیپیکردوە و لە رۆژی پێنجشەممە 14 ی
ئاب کۆتایی دێت و چەقی گەرمای ئەم شەپۆلە
گەرمیانەو لەو سنورە پلەکانی گەرما دەگەنە
50 پلەی سیلیزی کە پلەی گەرمای پڕوکێنەرە لە هەرێمی کوردستان.
محەمەد کەمال دەڵێت،پاش 21 ی ئەیلول کە دەچینە
وەرزی پایزەوە بە شێوەیەکی گشتی پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکارییان بەسەردا
دێت و لە ناوچەکانی (سلێمانی و هەڵەبجە وتەنانەت دهۆک و زاخۆ و دەوروبەری لە شەودا
کەشوهەوا فێنک دەبێت، بەڵام لە ناوچە پێدەشتەکانی وەک (دەشتی گەرمیان و کەرکوک و هەولێر
وئەو دەوروبەرە) پێشبینی دەکەن لە کۆتایی مانگی نۆ و سەرەتای مانگی دە ئەم گۆڕانکاریە
ڕوبدات.
محەمەد کەمال گوتیشی، بەپێی ئەو داتایانەی کە لەبەر
دەستیاندایە لە دوای 25ی ئەیلول لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک و هەولێر و
سلێمانی بارانبارین دەستپێدەکات .
سەبارەت بەو وەرزی دابارینی ئەمساڵیش ئەو کەشناسە
دەڵێت: لە 20ی تشرینی یەکەم پێشبینی باران بارین دەکەن بە شێوەیەکی پچڕ پچڕلە تەواوی
هەرێمی کوردستان، پێشبینی وەرزێکی باشی دابارینیش دەکرێت.
50 جار خوێندراوەتەوە