سوریا هێزی زۆر ڕەوانەی ناوچەکانی نزیک لە هەسەدە دەکات

KNN : Kurdish News Network
09:05 - 11/08/2025
کوردستان
+
-

ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا بڵاویکردۆتەوە حکومەتی سوریا هێزی سەربازیی بۆ رۆژهەڵاتی حەلەب و رەقە لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا گواستووەتەوە، کە ئەو ناوچانە هاوسنوورن لەگەڵ ئەو ناوچانەى لەژێر کۆنتڕۆڵى هێزەکانى سوریاى دیموکراتن.

 

هەواڵ: KNNC


ئاژانسى هەواڵیی ئەڵمانیا بە پشت بەستن بە وتەی چەند سەرچاوەیەک  ئاشکرای کردوە:  لە رۆژى یەکشەممەوە وەزارەتی بەرگریی سوریا هێزی سەربازیی گەورەی رەوانەی ناوچەکانی نزیک بەنداوی تشرین و گوندەکانى رۆژهەڵاتی حەلەب کردووە، هەروەها هێزی سەربازی دیکەش لە فیرقەی 60 و 76ـی وەزارەتی بەرگرییەوە گەیشتوونەتە ناوچەی زاملە لە باشووری رەقە.

 

ئاژانسەکە لەزاری سەرچاوەیەکەوە دەشڵێت "دەرەنجامەکانی کۆنگرەکەی ڕۆژی هەینی شاری حەسەکە، ئاماژە نیە بۆ ئەوەی كە هەسەدە بەدوای چارەسەری سیاسییەوەیە، لەبەر ئەوە بژاردەی سەربازی تاکە ڕێگە دەبێت بۆ ئازادکردنی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا"


ئاژانسەکە ئاماژەى بەوە کردووە، تائێستا هیچ شتێکى فەرمى لەبارەى جوڵەى هێزەکان و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە نزیک حەلەب بەرەو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات نییە، بەڵام رەنگە ئەمە پەیوەندى بە گرژییەکانى ئەم دواییە و کاردانەوەکانى ئەو کۆنفرانسەوە بێت، کە رۆژی هەینی لە حەسەکە بەڕێوەچوو.

 

بە گوێرەى ئاژانسەکە، کە قسەى لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکى دیمەشق کردووە، ئەو کۆنفرانسە بە مەترسی بۆ سەر پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوپاى دیموکرات دەزانن، هەر ئەوەشە کاردانەوەى زۆرى دروست کردووە.

 

لە لایەکیترەوە بەگوێرەی راپۆڕتێکی كەناڵی سكای نیوز عەرەبی، دۆخەكە نوێكەی سوریا مانای شکستپێهێنانی دانوستانەکان و پەنابردنە بەر بژاردەی سەربازی دێت کە بە هەماهەنگی لەنێوان سوریا و تورکیا ئەنجام دەدرێت و سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، بۆ دیمەشق لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردودا، لەوانەیە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی هەسەدە خێراتر بکات، ئەوەش ئەوەیە كە تورکیا هەوڵی بۆ دەدات.

273 جار خوێندراوەتەوە