کەی ئێن ئێن ناوەڕۆکی وەڵامەکەی هەرێم بۆ بەغداد ئاشکرا دەکات... لێکتێگەیشتن نزیکە

KNN : Kurdish News Network
11:38 - 07/07/2025
کوردستان
+
-

بڕیارە ئەمڕۆ هەرێم وەڵامی رەشنوسی داواکارییەکانی بەغداد بداتەوە کە سێ تەوەر لە خۆ دەگرێت، دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن ناوەڕۆکی وەڵامەکەتان بۆ ئاشکرا دەکات.

 

 

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن، وەڵامەکەی هەرێم سێ تەوەر لە خۆ دەگرێت ئەوانیش بریتین لە:

 

هەناردەی نەوتی هەرێم: لە قۆناغی یەکەم 300 هەزار بەرمیل نەوت هەژمار کراوە، هەرێم بۆ پێداویستی ناوخۆ و دابینکردنی سوتەمەنی بۆ کۆمپانیای دانە غاز، پێویستی بە (115) هەزار بەرمیل نەوت هەیە، بەڵام بەغداد ئامادەیە تەنها (90) هەزار بەرمیل تەرخان بکات.

* داهاتی ناوخۆ: لە پرسی داهاتی ناوخۆ هەفتەی رابردو هەرێم نوسیبوی کە مانگانە چەند داهاتمان هەبو، خەرجییەکانی لێ دەردەکەین و ئەوەی دیکەتان بۆ رەوانە دەکەین، بەڵام بەغداد داوای 150 ملیار دیناری کردوە، دواتر بەغداد بە 100 ملیار دینار رازی بوە، بەڵام هەرێم دەڵێت: دەتوانین 80 بۆ 90 ملیار دیناری مانگانە دابین بکەین.

 

* تەوتینی موچە: لەبارەی پرسی تەوتینی موچەشەوە، هەرێم دەڵێت: وا نزیک دەبینەوە لە یەک ملیۆن بەشداربو لە هەژماری من، ئەوەی ماوەتەوە تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەکرێت و هەمو موچەخۆرێک بەبانکی دەکرێت.

یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی هەرێم ئەوەیە لە ئەگەری پەسەندکردنی رێککەوتنەکە، موچەی هەردو مانگەکانی 5 و 6 پێکەوە ڕەوانە بکرێت.


ئەم خاڵانەی کە باس کران، بە سەرپەرشتی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ئامادەبونی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم و وەزیری نەوتی عێراق کۆبونەوەیەکی لەبارەوە ئەنجام دەدەن و وەڵامەکەی هەرێم دەدەنە محەمەد شیاع سودانی، بۆ ئەوەی سبەینێ سێشەممە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریی کۆتایی لەبارەوە بدرێت.

 

سلێمانی - بڕیار نامیق

2358 جار خوێندراوەتەوە