سەرچاوە سەربازییەکانی
ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، حەماس هەوڵیداوە لە ڕێگەی کۆمپانیای پاککەرەوەوە دزەبکات
ناو بنکەیەکی سەر بەیەکەی 8200، کە هەستیارترین بەشی هەواڵگری سوپای ئیسرائیلە، ئاماژەیان
بەوەشکردوە، هەوڵکەی حەماس، پێش ئەوەی ئەنجامی هەبێت شکستی هێناوە.
هەواڵ:KNNC
ڕۆژنامەی ئیسرائیل
هایۆم بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل بەڵگەنامەیەکی لەناو کەرتی غـ.ـەززەدا دۆزیوەتەوە،
کە وردەکاری پلانی حەماسی تێدایە بۆ بەدەستهێنانی
تەندەرێکی گشتی بۆ بەکرێگرتنی کۆمپانیایەکی پاککەرەوە لە دامەزراوە نهێنییەکانی
سوپای ئیسرائیلدا.
بە گوێرەی
زانیارییەکان، حەماس هەوڵیداوە لە ڕێگەی گرێبەستی خزمەتگوزاری پاککردنەوەی مەدەنییەوە،
بچیتە ناو بنکە هەستیارەکانی ئیسرائیل.
ڕۆژنامەکە
ئاماژەی بەوەکردوە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان، حەماس ئەم تەندەرەی دۆزیەوەتەوە و دەستیکردوە
بە ئامادەکاری بۆ بەکارهێنانی وەک خاڵێکی چونە ژورەوەی ئەگەری بۆ دەستڕاگەیشتن بە
دامەزراوەکە.
ئەوەش خراوەتەڕو،
دوای دۆزینەوەی ئەو بەڵگەنامانە، سەرکردایەتی سەربازی فەرمانی ڕاگرتنی دەستبەجێی تەندەرەکەی
دەرکرد و کۆمەڵێک ڕێوشوێنی توندی گرتەوەتەبەر بۆ بەهێزکردنی پرۆتۆکۆڵەکانی ئاسایشی
ئەلیکترۆنی و ڕێگریکردن لە دوبارەبونەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە، لەوانە توندکردنەوەی
کۆنترۆڵی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی پەیوەست بە سایت و دامەزراوە سەربازییەکان بە
شێوەی ئۆنلاین.
یەکەی 8200 بەوە ناسراوە کە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە ئۆپەراسیۆنەکانی سیخوڕی ئەلیکترۆنیدا و لەناو
سوپای ئیسرائیل بەراورد دەکرێت بە ڕۆڵی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا (NSA).
ئەم یەکەیە بە یەکێک لە گرنگترین یەکەکانی سیخوری ئیسرائیل دادەنرێت و لە
ساڵانی ڕابردودا دەستکەوتی هەواڵگری بەرچاوی هەبوە، بە تایبەتی لە بەرەنگاربونەوەی
هەڕەشەکانی ئێران و حیزبوڵای لوبنان.
838 جار خوێندراوەتەوە