ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق وەڵامی رەشنوسەکەی هەرێم دەداتەوە کە هەفتەی رابردو کەی ئێن ئێن ناوەڕۆکەکەی ئاشکراکرد.
کەی ئێن ئێن زانیاری نوێ لەسەر بەرەپێشچونەکانی نێوان هەرێم و بەغداد ئاشکرا دەکات، رۆژی چواری مانگ دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن لە بەدواداچونێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی رەشنوسی پێشنیارکراوی نێوان هەردو وەفدی هەرێم وبەغدادی ئاشکرا کرد.
دیجیتاڵ میدیای کەی ئين ئێن زانیویەتی، ئەمڕۆ یەکشەممە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە کۆمەڵێک وردەکاری زیاتر و داواکارییەوە رەشنوسەکەی بە فوئاد حسێنی جێگریدا رەوانەی وەفدی هەرێم کردوەتەوە، بەمشێوەیە:
• بەغداد لەسەر پرسی نەوت، داوای کۆی گشتی نەوتی بەرهەمهاتو دەکات کە هەناردە بکرێت و لە ئێستادا نزیک دەبێتەوە لە 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
• بەغداد بەڵێنی پاڵپشتی پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێمی کردوە بەمەرجێک هیچ بڕە نەوتێکی بەرهەمهاتو بۆخۆی لانەدات، لەبەرامبەردا نەوتی سپی و بەنیزن بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێم دابین دەکات.
هەرچەندە کەی ئێن ئێن لەراپۆرتەکەی هەفتەی رابردودا لەسەر داهاتی ناوخۆ، بۆچونی هەرێمی ئاشکراکرد کە لە ڕەشنوسەکە پێشنیار کرابو هەرێم لەسەدا پەنجای داهاتی ناوخۆ رادەستبکات، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان.
بەڵام بەپێی زانیارییەکان، لەم رەشنوسەی کە بەغداد ئاڕاستەی هەرێمی کردوە، ژمارەکەی جێگیر کردوە کە نابێت ئەو داهاتەی رادەستی بەغداد دەکرێت، مانگانە لە 150 ملیار دینار کەمتر بێت.
ئەوەی ماوەتەوە لەسەر هەرێم ئەوەیە کە لە پێش 48 کاتژمێری داهاتودا و بەر لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە هەفتانە لە رۆژی سێشەممە ئەنجام دەدرێت،ک هەرێم وەڵامی خۆی لەسەر رەشنوسەکە بداتەوە و ئەگەر هەرێم رەزامەندی دەربڕی، هەنگاوی یەکەم بە خەرجکردنی موچەی مانگی پێنج دەستپێ دەکات.
سلێمانی - بڕیار نامیق
2018 جار خوێندراوەتەوە