بە تۆمەتی ساغکردنەوەی نەوتی ئێران، ئەمەریکا بازرگانێکی شاری سلێمانی دەخاتە لیستی سزاکانەوە

KNN : Kurdish News Network
01:20 - 04/07/2025
کوردستان
+
-

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر بازرگانێکی شاری سلێمانی بەناوی (س س ا)دا سەپاند کە ناسراوە بە "ئـ ح" بەهۆی بەڕێوەبردنی تۆڕێکی نێودەوڵەتی کە نەوتی ئێران بە قاچاخ لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی عێراق و ئیماراتەوە دەگوازێتەوە و لەرێگەی بەڵگەنامەی ساختەوە وەکو نەوتی عێراقی لە بازاڕەکاندا ساغی کردوەتەوە.

 

بەگوێرەی بەیاننامەی فەرمی فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC)، (س س ا) تۆڕێکی ئاڵۆز بەڕێوەدەبات کە لە ساڵی 2020ەوە چالاکە لە کڕین و هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە بەکارهێنانی ڕێگەی نایاسایی، لەوانە تێکەڵکردنی لەگەڵ نەوتی عێراق، بەکارهێنانی "کەشتی سێبەر"، و ساختەکردنی بەڵگەنامەکان بۆ بەلاڕێدابردنی دەزگاکانی چاودێری نێودەوڵەتی.

 

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دەلێت: داهاتی ئەم کارە بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت و خراوەتە خزمەتی ئێران و سوپای پاسداران و حیزبوڵای لوبنانی، جگە لەوەش (س س ا) بە ملیۆنان دۆلار بەرتیلی بە بەرپرسانی عێراق داوە بۆ ئاسانکاری بۆ دەرکردنی بەڵگەنامەی ساختە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکەی.

 

هەرچەندە ئامارێکی ورد لەبارەی سەروەت و سامانی ئەو بازرگانە لە بەردەستدا نیە، بەڵام ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان کە لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرز و هیندستان تودەیەوە بڵاوکراونەتەوە- ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو تۆڕەی (س س ا) بەڕێوەی دەبات، ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلاری بۆ ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانی دابینکردووە.

 

بەڵام تا ئێستا پشکی (س س ا) لەو داهاتانە بە فەرمی دیاری نەکراوە، هەروەها وردەکاریی سەروەت و سامانەکەی یان هەژمارە بلۆککراوەکانی لە بانکدا ئاشکرا نەکراوە.

 

سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئەو بازرگانەی شاری سلێمانی بریتین لە بلۆککردنی سەروەت و سامانی چەند کۆمپانیا و کەشتییەکی پەیوەست بە ناوبراو و قەدەغەکردنی مامەڵەکردنی ناوبراو لەگەڵ سەرجەم ناوەند و کۆمپانیاکانی ئەمریکا.

 

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە خولی هەشتەمی سزاکانی ئەمریکا کە پەیوەندی بە نەوتی ئێرانەوە هەیە، ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتیژی ئەوپەڕی گوشارە بۆ سەر تاران.

 

پێدەچێت بارەگای تۆڕەکە لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بێت، کە سەلیم ئەحمەد پەیوەندی دارایی و بازرگانی و سیاسی بەرفراوانی هەیە.

2128 جار خوێندراوەتەوە