سەباح نوعمان، وتەبێژی محەممەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند: "ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقی، کارێکە رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە و بە هیچ بیانوویەک رێگەپێدراو نییە."
هەواڵ:KNNC
وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وەڵامی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی دایەوە و تۆمەتبارکردنى حەشدى شەعبى بە هێرشە درۆنییەکان سەرکۆنە دەکات.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وتى: ئەو تۆمەتە ڕەتدەکەینەوە کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق"ـەوە دژ بە دامەزراوەیەکی ئەمنی فەرمی عێراق دەرچووە و لە ژێر هیچ بیانوویەک قبوڵ ناکرێت، بەتایبەتی لەگەڵ نەبوونی هیچ بەڵگەیەک دەرچووە، و ئەگەر بوونی هەیە ئەوە داوا دەکەین بخرێتە بەردەم دەزگا فەرمییەکانی حکومەت.
دەشڵیت: حکومەتی فیدراڵ بە دامەزراوە ئەمنییەکانەوە لە زیاتر لە بۆنەیەکدا دوپاتی کردەوە کە لەسەر حیسابی ڕۆڵەکانی عێراقێکی یەکگرتو و ئاسایشیان سازش ناکات، هەروەها درێغی ناکات لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری یان تێکدانی ئاسایش لە سەرانسەری عێراق بدات.
ئاماژەی بۆئەوەشکرد: ئاستەنگەکانی ئێستا پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی هەیە لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، نەک پەنا بردن بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە ڕاپۆرت و بەیاننامە، ئەمەش دەرفەت دەدات بەو کەسانەی کە چاوەڕوانی ئەوەن، سوکایەتی بەو دامەزراوانەی عێراق بکەن کە ئاسایشی عێراق دەپارێزن و بەرگری لێ دەکەن، هەروەها ئەمەش پاساو بۆ دوژمنان دێنێتەوە بۆ تێکدانی سەقامگیری عێراق.
162 جار خوێندراوەتەوە