بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند؛ هەڵسەنگاندن دەکەن بۆ ئەو
پێشنیارانەی خراوەتە بەردەمیان بە مەبەستی ئاگربەست، نەتانیاهۆش دەڵێت؛ حەماس
نامێنێت و ئەوە کۆتایی هاتوە.
هەواڵ:KNNC
ئەمڕۆ چوارشەممە، بزوتنەوەی حەماس و نەتانیاهۆ لەسەر
پڕۆسەی ئاگربەست قسەیان هەبو، بەڵام بە دوو ئاراستە جیاواز.
بزوتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، گفتوگۆ و
هەڵسەنگاندن دەکەن بۆ ئەو پێشنیارە نوێیانەی بە مەبەستی ئاگربەست لە غەززە، لەلایەن نێوەندگرانەوە پێشکەشیان کراوە.
وتوشیانە ئاگربەستیان قبوڵ دەبێت، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە
ململانێکان بهێنێت و مسۆگەرکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکردوە: "ئێمە بە بەرپرسیارێتییەکی
زۆرەوە مامەڵە دەکەین و ڕاوێژی نیشتمانی ئەنجامدەدەین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو
پێشنیازانە کە لە برا نێوەندگیرییەکانمانەوە وەرمانگرتووە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک
کە گەرەنتی کۆتاییهێنان بە دەستدرێژی و بەدیهێنانی کشانەوە و دابینکردنی بەپەلەی
فریاگوزاری بۆ گەلەکەمان لە کەرتی غەززە بکات".
لای خۆشیەوە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
ڕۆژی چوارشەممە بەڵێنی لەناوبردنی حەماسی دا، ئەمەش یەکەم لێدوانی بو لەدوای ئەوەی
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاری ئاگربەستی بۆ ماوەی 60 ڕۆژ ڕاگەیاند.
نەتانیاهۆ لە میانی کۆبونەوەیەکدا وتی: حەماس نابێت، حەماسستان
نابێت و ناگەڕێینەوە بۆ ئەوە، ئەوە کۆتایی
هاتوە.
ئەم لێدوانانەی نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی
سێشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ئیسرائیل ڕازی بوە بەو مەرجانەی کە ئەمریکا پێشنیاری
کردوە بۆ ئاگربەست.
590 جار خوێندراوەتەوە