وەزیری بەرگری ئیسرائیل: هێرشەكانمان بۆسەر ئامانجە حكومییەكان لە تاران زیاتر چڕ دەكەینەوە

KNN : Kurdish News Network
05:50 - 20/06/2025
جیهان
+
-

وەزیری بەرگری ئیسرائیل سوپای وڵاتەكەی راسپاردوە ناسەقامگیری زیاتر لە ئێران دروست بكەن بۆ ئەوەی خەڵكی شاری تاران شارەكەیان چۆڵبكەن و جەختی كردوەتەوە كە پێدەچێت ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەیان ئامانجی دیكەی هەبێت.


هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ هەینی، میدیاكانی تەلئەبیب بڵاویانكردەوە؛ بەئامانجی دروستكردنی ناسەقامگیری زیاتر بۆ رژێمەكەی تاران، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، سوپای وڵاتەكەی راسپاردوە كە هێرشەكانیان بۆسەر ئێران چڕتربكەنەوە و زیاتر سەرنجیان لەسەر دامەزراوە حكومەییەكانی ئەو وڵاتە بێت لە تارانی پایتەخت.


ئەوەیانخستوەتەڕو، یەكێكی دیكە لە ئامانجەكانی چڕكردنەوەی هێرشەكان بۆسەر شوێنە تەلا و باڵەخانەكانی حكومەت، ترسی زیاتر لەناو دڵی خەڵكیدا دروستدەكات و دەبێتە هۆی چۆڵکردنی بەکۆمەڵی دانیشتوانی تاران.


رونیانكردوەتەوە كە؛ وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی لەسەر بەئامانج گرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكان و دۆزینەوەی زانایانی بەرمە ئەتۆمییەكەی ئێران و لەناوبردنیان كردوەتەوە.


میدیاكانی تەلئەبیب ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردوە، جارێكی دیكە وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی كردوەتەوە كە تەنها رێگریكردن لە بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆم لەلایەن ئێرانەوە ئامانجی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكە نەبێت، پێدەچێت ئامانجی دیكەی بەدوادابێت.

59 جار خوێندراوەتەوە