بۆ بەرپەرچدانەوەی موشەکەکانی ئێران ئیسرائیل چی سیستمێک بەکار دەهێنێت؟

KNN : Kurdish News Network
05:29 - 15/06/2025
جیهان
+
-


ئیسرائیل خاوەنی سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوە کە یارمەتیدەر بوە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە رابردودا کە لە ڕێگەی حزبوڵا و حەماس و حوسییەکانەوە کراوەتە سەری، هێرشەکانی ئەم دواییە ئێرانیش کە بە دەیان موشەکی بالیستیکی ئەو وڵاتەکی کردە ئامانج، لە بەرامبەردا ئیسرائیل توانیویەتی بە رادەیەکی باش  بەرپەرچیان داتەوە.



 هەواڵ: KNNC

لە دوای ململانێ  و هێرشە بەردەوامەکانی هەردو وڵات لە ڕۆژانی ڕابردودا، پرسیاری ئەوەی ئیسرائیل چی سیستمێک بەکاردەهێنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی تاران بوەتە رۆژەڤی میدیاکان.

رۆژی شەممە، بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگری وڵاتەکەی توانیویەتی بە سەرکەوتوی و بە ڕێژەی( 80٪ بۆ 90٪ ) هێرشەکان پوچەڵبکاتەوە، ئەمەش لە دوای ئەوەی چەند موشەکێکی ئێران توانیان سیستەمی بەرگری ئەو وڵاتە تێپەڕێنن.


ئیسرائیل بۆ پاسارتنی وڵاتەکەی  زیاتر لە یەک سیستمی بەرگری بەکار دەهێنێت کە ئەمانە؛


یەکەم؛ سیستەمی Iron Dome

سیستەمی Iron Dome لەلایەن کۆمپانیای Rafael Advanced Defense Systems بە پشتیوانی ئەمەریکا پەرەی پێدراوە و لە ساڵی 2011 خراوەتە خزمەتی سەربازییەوە.


کۆمپانیاکە لەبارەی تایبەتمەندی سیستمەکەوە دەڵێت؛ ئەو سیستمە دەتوانێت ڕێگری لە چەندین جۆری موشەک بگرێت لەوانە موشەکی کورت مەوداو  و مامناوەند، هەروەها  کاتیۆشای کورت مەودا کە لەلایەن حزبوڵڵا و حەماسەوە ئیرسئایلی بە بەردەوام پێدەکەنە ئامانج.



ئیسرائیل لە ساڵی2011دا سیستەمی Iron Dome لە نزیک کەرتی غەززە جێگیرکرد بۆ تاقیکردنەوەی توانای ڕێگریکردن لە موشەکی دورمەودا و کورت مەودا.

سیستەمی Iron Dome پێکدێت لە ڕادارێکی دیاریکردن و شوێنپێهەڵگرتن، سیستەمێکی کۆنترۆڵکردنی ئاگر و سێ ئامێری هەڵگر کە هەریەکەیان 20 موشەکیان هەڵگرتوە.
ئیسرائیل، جگە لە وشکانی،  لە ساڵی 2017شەوە وەشانێکی دەریایی لە Iron Dome بۆ پاراستنی کەشتییەکان و سەروەت و سامانی دەریایی جێگیرکردوە


دووەم؛ چەقۆی دەیڤد _ David’s Sling

سیستەمی موشەکی مەودای مامناوەندی دەیڤدز سلینگ بە شێوەیەک دروستکراوە کە ئەو موشەکە بالیستییانە بخاتە خوارەوە کە لە مەودای 100 بۆ 200 کیلۆمەترەوە هەڵدەدرێن.

ئەم سیستەمە بە هاوبەشی لەلایەن کۆمپانیای ڕافایل ئەدڤانسد دیفێنس سیستێمی ئیسرائیلی و کۆمپانیای RTXی ئەمەریکی کە پێشتر بە ڕایثیۆن ناسرابو،  پەرەی پێدراوە و دروستکراوە، هەروەها لە توانایدایە  ڕێگری بکات  لە فڕۆکەی جەنگی  و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی کروز.


سیستمی  David’s Sling لە ساڵی 2017 کەوتوەتە خزمەتی سەربازیەوە، سیستمەکە لە سێ ئاست پێکدێت، هەریەکەیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەیەک لە دوری جیاوازەوە دروستکراوە.

داڤیدز سلینگ پشت بە ڕاداری ئیسرائیل دەبەستێت و توانای شوێنپێهەڵگرتنی فڕۆکە و موشەکی بالیستیکی هەیە،  دەتوانێت تا 1200 ئامانج لە مەودای 474 کیلۆمەتردا بدۆزێتەوە، هەروەها لە خولەکێکدا توانای هەیە بەرپەرچی 200 ئامانج بداتەوە.



سێیەم؛ سیستەمی تیر

سیستمی موشەکی دور مەودای ئارۆ چینی یەکێکی دیکەیە لەو سیستمانەی ئیسرائیل بەکاری دەهێنێت و  توانای ڕێگریکردنی موشەکی بالیستیکی لە دەرەوەی بەرگەهەوا هەیە لە دوری زیاتر لە دوو هەزار و 400کیلۆمەترەوە.

سیستمەکە پێکدێت لە کۆمەڵێک سیستەمی ڕێگریکەر بۆ دابینکردنی بەرگری فرە جۆر لە بەرامبەر موشەکی بالیستیک و  ئەم سیستمە لە بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل جێگیر کراوە.

سیستەمی تیر بەسەر دوو بەشدا دابەشکراوە: تیری 2 و تیری 3،  ئاژانسی ڕۆیتەرز لەبارەی ئەو سیستمەوە ئامااژەی بەوەکردوە بەتایبەت بۆ   بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران پەرەی پێدراوە.

سیستەمی تیری 3 دەستنیشانی ئامانجەکان دەکات  و شوێنیان دەکەوێت و بەئاسانی  دەیانکاتە ئامانج، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە پشتی پێدەبەسترێت بۆ پاراستنی شوێنە ستراتیژییەکان.

چوارەم؛ سیستەمی THAADی ئەمەریکی

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردو ڕایگەیاند کە سیستەمی موشەکی بەرگری ئاسمانی لە بەرزاییەلاندا  بۆ ئیسرائیل دەنێرێت.

سیستمی THAAD پێکهاتەیەکی سەرەکی سیستمی بەرگری ئاسمانی سوپای ئەەمریکایە و بۆ ڕێگریکردن و لەناوبردنی هەڕەشەکانی موشەکی بالیستیکی مەودای کورت و مامناوەند داڕێژراوە.

سیستمی THAAD کاریگەرە بەرامبەر بە موشەکی بالیستیک و لەلایەن کۆمپانیای لۆکهید مارتن کە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی چەک لە ئەمەریکا دروستکراوە.

ئەم سیستمە  شەش لانچەری تێدایە کە لەسەر بارهەڵگر جێگری دەکرێت و یەکێکە لە سیستمە بەرگرییەباشەکانی جیهان.

سوپای ئەمەریکا لە ساڵی 2008دەستی بە کارپێکردنی ئەم سیستەمە کردوە و خستویەتیە خزمەتی سەربازییەوە،  سیستمەکە دەتوانرێت بە خێرای جێگری بکرێت و بە ئاسانیش بگوازرێتەوە، بەڵام تا ئێشتا دیار نییە ئاخۆ ئیسرائیل بەکاری دەهێنێت یاخود نا.

 

جێی باسە سەرەڕای بونی چەند جۆرێک سیستیمی بەرگری، بەڵام لە دوو ڕۆژی رابردودا  ژمارەیەک لە  موشەکەکانی ئێران توانیان سیستمی بەرگری ئیسرائیل ببەزێن و ئامانجەکانیان لە ناوجەرگەی ئەو وڵاتەدا بکەنە ئامانج.

82 جار خوێندراوەتەوە