ئێران: مافی خۆمانە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل بدەینەوە

KNN : Kurdish News Network
05:10 - 13/06/2025
جیهان
+
-

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویكردەوە؛ مافی خۆیانە كە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل بدەنەوە كە تیایدا ژمارەیەك لە بەرگریكار و خزمەتكارانی نیشتیمانی بەئامانج گرت، جەختیشیدەكاتەوە كە؛ دەبێت ئەمەریكا بەرپرسیارێتی دەرئەنجامی كارە مەترسیدارەکانی ئیسرائیل لەئەستۆ بگرێت.


هەواڵ: (KNNC)



وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: هێرشەکانی ئیسرائیل  بۆ سەر ئێران پێشێلکردنی مادەی دو، بڕگەی چوارەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان و دەستدرێژییەکی رونە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆیە وەڵامدانەوەی ئەم دەستدرێژییە مافی یاسایی و رەوای ئێرانە كە بەپێی مادەی (51)ـی میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەمو هێز و شێوەیەک کە خۆیان دیاری دەکەن، وەڵام دەدەنەوە.

بڵاویشیكردوەتەوە؛ ئیسرائیل بە پێشێلکردنی یەکپارچەیی خاکی و سەروەری نەتەوەیی ئێران هێرشی کردە سەر ناوچەكانی نیشتەجێبون لە تاران و چەند شاری دیکەی وڵاتەکەیان، تیایدا ژمارەیەك نیشتمانپەروەر و خزمەتکارانی نیشتمان لە بوارەكانی بەرگریکردن، زانست و تەکنۆلۆژیا، هاوکات لەگەڵ کەسانی دیکەی بێتاوان بەئامانج گرت.


وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، کردەوە شەڕانگێزەکانی ئیسرائیل لە دژی ئێران بەبێ هەماهەنگی و مۆڵەت وەرگرتن لە ئەمەریکا ئەنجام نەدراوە، بۆیە دەبێت ئەمەریکا وەک لایەنگری سەرەکی تەلئەبیب، بەرپرسیار دەبێت لە کاریگەری و دەرئەنجامی كارە مەترسیدارەکانی ئیسرائیل.

70 جار خوێندراوەتەوە