پزیشكیان: بە جۆرێک وەڵامی ئیسرائیل دەدەینەوە پەشیمان ببنەوە

KNN : Kurdish News Network
03:04 - 13/06/2025
جیهان
+
-

لە دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پزیشكیان جەختی كردەوە؛ بە جۆرێک وەڵامی ئیسرائیل دەدەنەوە لەو کارە گەمژانەی کردیان پەشیمان ببنەوە.


هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ هەینی، مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند: ئیسرائیل دەستدرێژ كردوەتەوە سەر وڵاتەكەی و چەند شارێكی بەئامانج گرتوە، كە تیایدا ژمارەیەك ژن و منداڵ بون بەقوربانی، بۆیە سوپای پاسداران بەجۆرێك وەڵامیان دەدەنەوە لە ئەو كارە گەمژانەی كردویانە پەشیمان ببنەوە.


وتیشی: سەرباری بەئامانج گرتنی خەڵكی مەدەنی بێتاوان، ژمارەیەك فەرماندە سەربازییەكانیان لەگەڵ زانای ئەتۆمی وڵاتەكەی لەلایەن ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون.


راشیگەیاند: گەلی ئێران و بەرپرسانی وڵات بەرامبەر ئەم تاوانەی ئیسرائیل بێدەنگ نابن، کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامێكی بەهێزیان دەداتەوە و دەبێت دوژمن لە کارەکانی پەشیمان بێتەوە.


سەرۆك كۆماری ئێران داوای لە خەڵكی وڵاتەكەی كردكە؛ یەکگرتویی خۆیان بپارێزن، ئەو هەواڵانەی دوژمن بڵاوی دەكاتەوە بۆ چەواشەکارییە و وەك بەشێک لە شەڕی دەرونی دژی گەلەكەمان بەكاریدەهێنێت، هەروەك داواشیكرد؛ پشتیوانی وڵاتەكەیان بكەن بۆ ئەوەی بتوانن بەهێزێکی زیاترەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنن.

97 جار خوێندراوەتەوە