پۆلیسی هندستان: سەرجەم سەرنشینانی فڕۆكە تێكشكاوەكە گیانیان لەدەستداوە

KNN : Kurdish News Network
04:13 - 12/06/2025
جیهان
+
-

دوای فڕینی بە چەند خولەكێكی كەم، فڕۆكەیەكی ئایر هندستان بە (240) سەرنشینەوە كەوتە خوارەوە و بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەحمەد ئاباد ئاشكرای دەكات؛ سەرجەم سەرنشینان و تیمی فڕۆكەوانی گیانیان لەدەستداوە.


هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەحمەدئاباد رایگەیاند: پێدەچێت لە روداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی ئایر هیندستان کە لە نزیك فڕۆكەخانەكە كەوتوەتە خوارەوە و زیاتر لە (240) سەرنشین و دو فڕۆكەوان و تیمێكی (10) كەسی كە  ئەندامی تیمەكانی فڕۆكەوانی بون، رزگار نەبوبن و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدابێت.


وتیشی: سەرنشینی فڕۆكە تێكشكاوەكە لە (169) هاوڵاتی هندی، (53) بەریتانی، حەوت كەسی پرتوگالی و سەرنشینێكی كەنەدی پێكهاتبون.


پێشتر، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری پۆلیسی هیندستانەوە بڵاویكردەوە؛ زیاتر لە (100) تەرمیان لە فڕۆكە تێكشكاوەكە هێناوەتە دەرەوە.


لای خۆشیەوە، فایز ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەوانی مەدەنی بەئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی راگەیاندوە: دوای پێنج خولەك لە فڕینی فڕۆکەی (AA 171) کە فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ (787) بوە، لە ناوچەی نیشتەجێبونی مێگانی ناجار لە كاتژمێر (01:38) خولەك بەكاتی ناوخۆ كەوتوەتە خوارەوە.


هاوكات، كەناڵی (CNN)ـی هندستان ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، لەكاتی كەوتنە خوارەوەدا فڕۆكە هندییەكە كەتوەتە بەسەر هۆڵێكی نانخواردنی كۆلێژی پزیشكی زانكۆیەكی حكومییەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەك خوێندكار گیانیان لەدەستداوە.

129 جار خوێندراوەتەوە