دوابەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ژمارەیک وڵات ئیدانەی هێرشەکانیان کردوە و بە پێشێلکردنی راستەوخۆی نێودەوڵەتیان داناوە، جەختیان کردوەتەوە نیگەرانن لە ناسەقامگیر بونی ناوچەکە.
هەواڵ:KNNC
هەریەکە لە وڵاتە عەرەبییەکانی سعودییە، قەتەر، ئیمارات و عومان بە توندی ئیدانەی هێرشەکانیان کردوە، ئیمارات رایگەیاند؛ بە توندترین شێوە هێرشی سەربازی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران شەرمەزار دەکات و نیگەرانی قوڵی خۆی لە بەردەوامی پەرەسەندن و کاردانەوەکانی بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەربڕی.
شانشینی سعودیەش؛ جەختیکردوەتەوە هێرشە ئاشکراکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران سەروەری و ئاسایشی ئەو وڵاتە تێکدەدەن و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان.
کێیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە رایگەیاندوە، نیگەرانین و داوای دانبەخۆداگرتن دەکەین و بەپەلە کار بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان دەکەین.
دۆناڵد تەرمپ سەرۆکی ئەمەریکاش رایگەیاند، ئێمە بەشدارنین لە هێرشەکاندا و چاوەڕوانی وەڵامی ئێرانین بۆ ئەو هێرشانە.
وەزارەتی دەرەوەی چینیش رایگەیاندوە؛بە توندی ئیدانەی پێشێلکردنی سەروەریی و ئاسایشی خاکی ئێران دەکەین.
تورکیاش بە هەمانشێوە ئیدانەی هێرشەکانی کردوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوە ڕێگری بکەن لە فراوان بونی جەنگ
تارانیش کە خۆی قوربانی هێرشەکەیە جەختی کردوەتەوە وەڵامێکی توندیان دەبێت و لای خۆیەوە عەلی خامنەیی رایگەیاند بە دڵنیاییەوە تۆڵە دەکەیەنەوە.
459 جار خوێندراوەتەوە