چى رویدا... بۆچى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست نائارامە؟

KNN : Kurdish News Network
08:39 - 12/06/2025
عێراق
+
-

لەگەڵ بڕیارى کشانەوەى بەشێک لە ستافى باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە عێراق دۆخى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست نائارامیی بەخۆوە بینى و وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا داواى لە هاوڵاتییانى کرد گەشت بۆ عێراق نەکەن و نیگەرانییەکانیش بەو ئاراستەیەدا بون ئیسرائیل بێ رەزامەندى ئەمەریکا لە ئێران بدات.

 

هەواڵ:KNNC

 

شەوى رابردو، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە دۆخێکى نائارام و ناسەقامگیردا تێپەڕى، کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی بڵاویکردەوە کە چەند پێشهاتێکى نوێ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رودەدات و وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکەش فەرمانى کرد بە کارمەندانى لەڕێى فڕۆکەخانەى بەغدادەوە گەشت نەکەن و داواى لە هاوڵاتییانیشى کرد بەهیچ شێوەیەک سەردانى عێراق نەکەن.

 

هاوکات ئاژانسى هەواڵى ئەسۆشەیتد پرێس بڵاویکردەوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا فەرمانی کردوە بە کارمەندانی لاوەکی  باڵوێزخانەکانی لە کوەیت و بەحرەین، بەهۆی ئاڵۆزبونی گرژیەکانی ناوچەکەوە، لەگەڵ خێزانەکانیان باڵوێزخانەکان بەجێبهێڵن.

 

بەشێکى دیکە لە پێشهاتەکانى ئەم بڕیارەى ئەمەریکا ئەگەرى هێرشى ئیسرائیل بو بۆسەر ئێران بەشێک لە سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد کە ئیسرائیل بە تەواوەتیی ئامادەکاریی کردوە بێ رەزامەندیی ئەمەریکا هێرشبکاتەسەر ئێران.

 

لەوبارەیەوە بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە کە لەگەڵ گروپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لەئێران لەپەیوەندی بەردەوامدان، بۆ ئەوەی هیچ بۆردومانێکی باڵوێزخانەی ئەمەریکا نەکەن لە بەغداد.

 

بەرپرسە ئەمنییەکەی عێراق، بە فرانس پرێسیشی گوتوە: کەمکردنەوەی ستافی ناپێویستی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، تەنها "رێکارێکی ئەمنی خۆپارێزییە".

58 جار خوێندراوەتەوە