حکومەتی هەرێمی کوردستان: 1.4 ملیار دینار بۆ هاوڵاتیان دەگەڕێنێنەوە

KNN : Kurdish News Network
07:37 - 10/06/2025
کوردستان
+
-

وەزارەتی كارەبا رایدەگەیەنێت: بڕە پارەیەك بۆ ئەو خێزانانە دەگەڕێنێتەوە كە بەشێکن لە پرۆژەی روناکی بەڵام بەشێوەی کرێدت (رصيد) بۆ پسولەکانی مانگی پێنج.


هەواڵ: (KNNC)


وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویكردەوە: بڕی (1.4) ملیار دینار بۆ ئەو خێزانانە دەگەڕێنێتەوە كە بەشێکن لە پرۆژەی روناکی كە زیاتر لە (60) هەزار خێزان کە کارەبای (24) کاتژمێرییان هەیە سودمەند دەبن لەو بڕە پارەیەی حکومەت دەیگەڕێنێتەوە بەشێوەی کرێدت (رصيد) بۆ پسولەکانی مانگی پێنج.


رونیكردوەتەوە؛ هەریەکێک لەئەو ماڵانەی ئاماژەیان پێكراوە تا بڕی (20) هەزار دینار بە‌شێوەی کرێدت لەسەر پسوڵەکانیان وەردەگرنەوە، بەڵام هەندێک گەڕەکی دیكە  ماڵەکانان بە تێکڕا تا نزیکەی بڕی (80) هەزار دیناری وەردەگرنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا؛ زیاتر لە (10) هەزار خێزان بەهۆی گەڕانەوەی ئەو بڕە پایە، پارەی پسوڵەی مانگی پێنج نادەن.


وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە؛ ئەم هەنگاوە ئەو خێزانانە دەگرێتەوە كە؛ بەراورد بە نرخە نوێكەی كارەبا كە لەماوەی رابردوا ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی كرد، پێشتر پارەیەکی زیاترییان داوە، هەروەها ئەو هاوڵاتیانەی سودمەند نەبون لە پاڵپشتی حكومەت بەرێژەی (15%) ئەمەش وەک پاڵپشتیەکی دیکەیە كە لە مانگی یەکەم بەڕێژەی (50%)و مانگی دوەم بەڕێژەی (25%) بوە.


راشیگەیاندوە: پێشتر ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ نرخە نوێیەکانی کارەبای پەسەندکرد، كە بەراورد بە پێشو بۆ کارەبای مۆلیدەی ئەهلی و نیشتمانی، ئێستا (80%)ـی هاوڵاتیان بڕە پارەیەکی کەمتر دەدەن بەکارەبا.

1156 جار خوێندراوەتەوە