وەزارەتی بازرگانی عێراق: ئەمساڵ پارەی نەختینەمان کەمە و نازانین کەی پارەی گەنمی جوتیاران دابەش دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
10:45 - 10/06/2025
کوردستان
+
-

پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆکانی سلێمانی و دهۆک دەستیپێکرد، وەزارەتی بازرگانی عێراقیش دەڵێت: ئەمساڵ پارەی نەختینەمان کەمە و نازانین کەی پارەی گەنمی جوتیاران دابەش دەکرێت.

 

هەواڵ:KNNC

 

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆکانی پیرەمەگرون و دهۆک دەستیپێکرد و جوتیاران بە دەیان بارهەڵگرەوە نۆرەیان گرتوە بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان.

 

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە سلێمانی پرۆسەکە دەستیپێکردوە و لە هەولێریش بەهۆی ئەوەی کارەکان تەواو نەبون رۆژی 12ـی مانگ دەرگای سایلۆکان بەروی جوتیاراندا دەکرێتەوە.

 

وتیشی: بۆ ئەمساڵ لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان 400 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت.

 

هاوکات، حەیدەر گەرعاوی، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا رایگەیاند، تا ئێستا سێ ملیۆن و 600 هەزار  تۆن گەنم لە جوتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق وەرگیراوە و رەزامەندیش دراوە، بۆ وەرگرتنی 400 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان.

 

راشیگەیاند، ئەمساڵ کەمبارانی کاریگەری لەسەر بەرهەمی گەنمی جوتیاران لە تەواوی عێراق هەبوە و هەوڵدەرێت نزیکەی پێنج ملیۆن تۆن گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت، بەراورد بە ساڵی رابردو نزیکەی یەک ملیۆن تۆن کەمترە.

 

سەبارەت بە کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە 700 تۆنەوە بۆ 400 تۆن، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ پلانی بەبازاڕکردن جیاوازە، زۆرێک لە جوتیاران بەرهەمی گەنمیان نەبو؛ کەمبارانیش هۆکاری سەرەکی کەمکردنەوەی رێژەکەیە.

 

وتیشی: ساڵی رابردو بەخێرایی شایستە داراییەکان دەدرا بە جوتیاران، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی پارەی نەختینە کەمە، نازانرێت کەی پارەی گەنمی جوتیاران دابەش دەکرێت.

 

جەختیشیکردەوە، حکومەت ناتوانێت قەرەبوی هیچ جوتیارێک بکاتەوە.

 

تا ئێستا، 160 هەزار تۆن گەنمی ساڵی رابردو لە کۆگای سایلۆی پیرەمەگرون ماوەتەوە و بۆ ئەمساڵیش بۆ یەک تۆن گەنم بڕی 850 هەزار دینار دیاریکراوە.

1000 جار خوێندراوەتەوە