وەزیرى بەرگرى ئێران دەڵێت:
بەهیوان دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا بگەنە ئەنجام، بەڵام ئەگەر واشنتۆن هەوڵبدات
زیان بە تاران بگەیەنێت، لە ناوچەکە دەریان دەکەن.
هەواڵ:KNNC
عەبدولعەزیز نەسیر زادە،
وەزیرى بەرگریی و هێزە چەکدارەکانى ئێران لەدواى کۆبونەوەى حکومەت بە رۆژنامەنوسانى
وتوە: "بەداخەوە بەشێک لە بەرپرسانى ئەمەریکا هەڕەشە دەکەن کە ئەگەر گفتوگۆکان
لەبارەى پرسى ئەتۆمەوە نەگاتە ئەنجام ئەوا دۆخەکە ئاڵۆز دەبێت و گرژییەکانى نێوان
ئەو دوو وڵاتە زیاتر پەرەدەسێنێت".
وتویەتى: ئەوان بەهیوان
دانوستانەکان بگەنە ئەنجام، بەڵام ئەگەر گفتوگۆکانیش ئەنجامیان نەبێت و ئاڵۆزییەکان
دەستپێبکات ئەوا زیانەکانى ئەمەریکا زۆر زیاتر دەبێت لەو زیانەى ئێران دەیکات،
چونکە ئەوان ناچاردەکرێن ناوچەکە جێبهێڵن.
راشیگەیاندوە، ناوچەکە
لەژێردەستی ئێراندایە دەتوانن لە تەواوى وڵاتەکانى ناوچەکەوە ئەمەریکا بەئامانج
بگرن.
لەبارەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا، نەسیرزادە جەختیکردوەتەوە رێگە
بە هیچ سزایەکی سەربازی نادەن، هیچ دانوستانێکیش لەوبارەیەوە ناکەن.
لاى خۆیەوە، ئیسماعیل
بەقائى، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایگەیاندوە، کە بڕیارە یەکشەممەى داهاتو
دانوستانەکانیان لەگەڵ واشنتۆن دەستپێبکەنەوە و تارانیش لادانێکى لە پرسى ئەتۆم نەکردوە.
706 جار خوێندراوەتەوە