عێراق: دو وێستگەی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە خۆر دادەمەزرێنین

KNN : Kurdish News Network
03:22 - 29/05/2025
عێراق
+
-

وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشكرایدەكات، بەمەبەستی دامەزراندنی پێنج وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە خۆر، گرێبەست لەگەڵ دو كۆمپانیای گەورەی سعودی و قەتەری ئەنجام دەدەن.


هەواڵ: (KNNC)


ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ریگەیاند: بەمەبەستی كەمكردنەوەی ئەو بڕە كارەبایەی تۆڕی نیشتیمانی لەدەستی داوە، وەزارەتەكەی هەوڵی تەواوی داوە كە سەرچاوەكانی وزە هەمەچەشن بكات، بۆ ئەو مەبەستەش بەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی بەرهەمهێنان گرێبەست بۆ دامەزراندنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی تەزوی كارەبا لە وزەی خۆر دەكات، ئەمە بێجگە لە ئەوەی وێستگەكانی بەسرە، موسەننا، کەربەلا، بابل، و زیقاڕ لە قوناغی جێبەجیكردندان و كاركردن تیایاندا بەردەوامە.


وتیشی: وەزارەتەکە لە واژۆکردنی گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای (ACWA Power)ـی سعودی بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی هەزار مێگاوات لە نەجەف نزیكبونەتەوە، هەروەها لەگەڵ کۆمپانیایەكی دیكەی ئیماراتی كە مەبەستەكەش دروستکردنی چوار وێستگەیە بەتوانای بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات كارەبا.


رونیكردوەتەوە، دوای جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەم، قۆناغی دوەمی دابینكردنی تەزوی كارەبا بۆ تەلار و باڵەخانە حوكومییەكان لە وزەی خۆر بەبەكارهێنانی سیستەمی سۆلار دەخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە كە نزیكەی (534) باڵەخانە دەگرێتەوە.


وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دوای توێژینەوە بۆ ئەو قەرزەی كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بۆ هاولاتیان دابینكرا بەمەبەستی دانانی سیستەمی سۆلار بۆ ماڵەكانیان، وەزارەتەكەی رەزامەندی لەسەر داوە و ئێستا هاوڵاتیان دەتوانن ئەو بڕەی بۆ دامەزراندی سیستەمەكە پێوستە لەبانكەكان وەرگرن كە رێژەی سودەكەی بۆ (2.5%) دابەزێندراوە.

 

پێشتر وەزارەتی كارەبای عێراق ئاشكرایكردبو، بەهۆی كەمبونەوەی غازی هاوردەكراو لە وڵاتی ئێران، تۆڕی كارەبای نیشتیمانی سێ هەزار و (500) مێگاوات تەزوی كارەبای لەدەستداوە و لە هەوڵەكانی بۆ پڕكردنەوەی و دابینكردنی خواستی هاوڵاتیان لە كارەبا بەردەوامیشە.

283 جار خوێندراوەتەوە