بزوتنەوەی حەماس: پێشنیازەكەی ئەمەریكا لە داواكارییەكانمانەوە دورە

KNN : Kurdish News Network
03:22 - 30/05/2025
جیهان
+
-

حەماس رایدەگەیەنێت: پێشنیازەكەی ئەمەریكایان بەدەستگەیشتوە و بەدواداچون بۆ چۆنیەتی وەڵام دانەوەی دەكەن، سەركردەیەكی بزوتنەوەكەش بەرۆیتەرزی وتوە؛ پێشنیازەكە لە ویست و داواكارییەكانیان دورە.


هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ هەینی، بەسام نەعیم، سەرکردەیەکی بزوتنەوەی حەماس، بەئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندوە: حەماس پێشنیازەكەی ستیڤ ویتكۆف، نێرەدەی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕستی بەدەست گەیشتوە و بەوردی بەدواداچون بۆ چۆنیەتی وەڵامدانەوەی دەكات.


توشیەتی: ئاگاداری وەڵامەكەی ئیسرائیلن بۆ پێشنیازەكە، بەڵام هیچ یەكێك لە خاڵەكانی پێشنیازەكە داوا رەواكانی فەڵەستیینییەكان بەدیناهێنێت، بەڵكو ئامانجی سەرەكی چەسپاندنی داگیركارییەكانی تەلئەبیبە بەپلەی یەكەم.


سەرکردەیەکی بزوتنەوەی حەماس ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، پێشنیازەكەی ئەمەریكا كە لەلایەن ویتكۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵات كەمەبەست لێی راگرتنی جەنگە لە كەرتی غەززە، لەگەڵ ویست و داواكارییەكانی بزوتنەوەكەیان دورە.


دوێنێ شەو، کارۆلین لیڤیت وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند: ئیسرائیل رەزامەندی لەسەر پێشنیازەكەی ئەمەریكا بۆ ئاگربەست لە كەرتی غەززە دەربڕیوە، پاشان بۆ بزوتنەوەی حەماس رەوانە كراوە، وتیشی: بەمەبەستی كۆتایی هاتنی جەنگەكە تا ئێستا گفتوگۆكان بەردەوامیان هەیە.

لای خۆشیەوە، ئەمڕۆ هەینی، تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: وڵاتەكەی بەشێوەیەكی بەردەوام هەوڵ بۆ كۆتایی هێنانی جەنگ لە كەرتی غەززە دەدات و ئەو دەربڕینی رەزامەندییە بۆ پێشنیازەكەی واشنتۆن لەلایەن تەلئەبیبەوە، بە گرنگ دەزانێت.


دوای چەندین پێشنیاز و دانوستان و كۆبونەوەی ناڕاستەوخۆ، بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگی غەززە تا ئێستا  جەنگ لە نێوان بزوتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە كەبەهۆیەوە زیاتر لە (178) هەزار  كەس بون بە قوربانی.

320 جار خوێندراوەتەوە