بەغداد: بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە ناچاربوین روبەری کشتوکاڵ کەمبکەینەوە

KNN : Kurdish News Network
03:34 - 25/05/2025
عێراق
+
-

بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا كەمبونەوەی ئاستی ئاوی روبارەکانی دیجلە و فورات، لە ماوەی (80) ساڵی رابردودا یەدەگی ئاو لە نزمترین ئاستیدایە و وتەبێژەكەی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو رایدەگەیەنێت: بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە ناچاربون روبەری کشتوکاڵ کەمبکەنەوە.


هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ یەکشەممە، خالید شیمال، وتەبیژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بەئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: بەهۆی كەمی باران لە وەرزی دابارینی ئەمساڵ و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاوی هەردو روباری دیجلە و فورات، یەدەگی ئاو لە ئاوی عێراق لە نزمترین ئاستیدایە كە لە ماوەی (80) ساڵی رابردودا نەگەیشتوە بەئەو ئاستە، ئەوەش دەسەڵاتداران ناچار دەکات روبەری ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی لەم هاوینەدا چێنراون، کەم بکەنەوە.


لە پەراوێزی پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو لە بەغداد  وتیشی: یەدەكی ستراتیژی ئاو لە عێراق ساڵی ڕابردو باشتر بوە، ئێستا لە (40%)ـی كەمیر لە شایستەی خۆی لە روبارەكانی دیجلە و فورات وەردەگرێت.


رونیكردوەتەوە، بڕیار وابو لە سەرەتای وەرزی هاویندا زیاتر لە (18) ملیار مەتر سێجا ئاو لە پشكی هەردو روبارەكە بۆ عێراق رەوانە بكرێت، بەڵام ئێستا نزیکەی (10) ملیار مەتر سێجا ئاو دەگات بە وڵاتەكەی.


وتەبێژەكەی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە (80) ساڵی رابردودا عێراق روبەڕوی بێ ئاوی بەو جۆرە نەبوەتەوە، هەروەها بەمەبەستی دڵنیابونەوە بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ (46)  ملیۆن هاوڵاتی عێراقی، ناچاربون روبەری کشتوکاڵی کەمبکەنەوە.


راشیگەیاندوە: لە چەند ساڵی رابردودا حکومەت هانی جوتیارانی داوە کە تەکنیکی ئاودێری هاوچەرخ بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو بەکاربهێنن، هەروەك دەسپێشخەریشیان كردوە بۆ بەدەمەوەهاتن و کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بەمەبەستی زیادکردنی فشارە دیپلۆماسییەکانە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بۆ زامنکردنی مافەکانی عێراق لە ئاوی روبارەكانی دیجلە و فورات.


لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و ئەو وشکەساڵییەی کە زیاتر لە پێنج ساڵە بەردەوامە، بەردەوام بەغداد رەخنە لە دروستكردنی ئەو بەنداوانە دەگرێت كە لەلایەن ئێران و توركیاوە دروستکراون، ئەوەش وایكردوە ئاستی ئاوی هەردو روبارەی دیجلە و فورات كەمبوەتەوە كە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی عێراقن.

245 جار خوێندراوەتەوە