وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایدەگەیەنێت: (22) گەڕەكی نوێ لە فەڵەستین دروست دەكەن و لە وەڵامی سەرۆكی فەڕەنسادا دەڵێت: خۆ و هاوڕێكانی لەسەر کاغەز دان بەدەوڵەتێکی فەلەستینیدا دەنێن، بەڵام تەلئەبیب دەوڵەتی جولەکەی ئیسرائیل لەسەر زەوی دادەمەزرێنێت.
هەواڵ: (KNNC)
لە وەڵامی لێدوانەكەی سەرۆكی فەڕەنسا كە پشتیوانی دەوڵەتی فەڵەستینی كردوە و دوای ئاشكراكردنی دروستكردنی (22) گەڕەكی نوێ لە ئەو زەوییانەی ماوەیەك لەمەوپێش داگیرییان كردوە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند: وڵاتەكەی "دەوڵەتی جولەکەکان"ـی ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاوا دادەمەزرێنێت.
لەبەشێكی دیكەی لێدوانەكەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل كە بەشێوەی بەیاننامە بڵاویكردەوە تیایدا هاتوە؛ وەڵامەكەیان بۆ ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانەی کە هەوڵدەدەن زیانیان پێبگەیەنن و لاوازیان بكەن، یەكلاییە، هاوکات پەیامێکی رونە بۆ سەرۆکی فەرەنسا و هاوڕێکانی كە؛ ئەوان لەسەر کاغەز دان بەدەوڵەتێکی فەلەستینیدا دەنێن، تەلئەبیبیش دەوڵەتی جولەکەی ئیسرائیل لەسەر زەوی دادەمەزرێنێت.
ئەمڕۆ هەینی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی سەنگافورە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندبو؛ داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا تەنها ئەرکێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو داواکارییەکی سیاسییە، جەختی كردبویەوە كە؛ دەبێت وڵاتانی ئەوروپا هەڵوێستیان بەرامبەر بە ئیسرائیل توند تر بکەنەوە.
1470 جار خوێندراوەتەوە