وەزارەتی دارایی عێراق: ناتوانین موچەی مانگی پێنج رەوانەی هەرێم بكەین

KNN : Kurdish News Network
07:36 - 28/05/2025
کوردستان
+
-

وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ حكومەتی هەرێم: رێژەی (12.67)ـی تەرخانكراوی پشكی هەرێم بۆ بودجەی سێ ساڵی (2023، 2024 و 2025) كۆتایی هاتوە و ناتوانن موچەی مانگی پێنجیان بۆ بنێرن، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت: داهاتی نه‌وت نادیاره‌ و داهاتی ناوخۆش موچه‌ی هەشت مانگی ساڵی (2025)ـی موچەخۆرانی هەرێمی خستوەتە بەردەم مەترسییەوە.

 

هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ چوارشەممە، سۆران عومه‌ر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە؛ لەڕێگەی نوسراوی ژمارە (14502)ـوە وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستانی دەربارەی موچەی مانگی پێنج  ئاگاداركردوەتەوە كە رێژەی (12.67)ـی تەرخانكراوی پشكی هەرێم بۆ بودجەی سێ ساڵی (2023، 2024 و 2025) كۆتایی هاتوە.


رونیكردوەتەوە، وەزارەتی دارایی سەرجەم داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتی هه‌رێمی بۆ بودجی هەرسێ ساڵەكەی له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕە پارەی بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی ناردوە، هەژمار كردوە، كەئەمەش پێشهاتێكی نوێیە و ساڵی رابردو بۆ بودجه‌ی (2024/10) رویدا.


ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئه‌م بابه‌ته‌ پێویستی به‌هه‌ڵوێسته‌، چونكە داهاتی نه‌وت كه‌ هه‌رێم بردویه‌تی نادیاره‌، داهاتی ناوخۆش كه‌ (1/5)ـی بۆ بەغداد گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌ موچه‌ی هەشت مانگی ساڵی (2025)ـی موچەخۆرانی هەرێمی خستوەتە بەردەم مەترسییەوە.

1234 جار خوێندراوەتەوە